ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی هێرشده‌كاته سه‌ر كورد و كوردستان24 هۆكاره‌كه‌ى ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
"خه‌لیفه‌كه‌ی داعش" له تۆمارێكی ده‌نگی نوێ‌دا، هێرشده‌كاته سه‌ر كورد و داوای راپه‌ڕین له دژی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بستانی سعوودیه ده‌كات.
تۆماره ده‌نگییه‌كه له هه‌ژماره‌كانی داعش بڵاوكراوه‌ته‌وه و ماوه‌ی 24 خوله‌ك و 22 چركه‌یه و به‌شێكی زۆری ته‌رخانكراوه بۆ شه‌رعییه‌تدان به شه‌ڕكردن له دژی هاوپه‌یمانێیی نێوده‌وڵه‌تی.
له وتاره‌كه‌یدا به‌غدادی هێرش ده‌كاته سه‌ر كورد و به "به‌كرێگیراو"ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش وه‌سفی ده‌كات.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، به‌غدادی داوای مانه‌وه و شه‌ڕكردن له چه‌كدارانی داعش و ئارامگرتنیان له به‌رامبه‌ر ئه‌و زه‌برانه ده‌كات كه له لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ر ئه‌و گرووپه كه‌وتوون.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونی ماڵپه‌ڕی كوردستان24 وتاره‌كه به‌شێكه له هه‌وڵی به‌غدادی بۆ رێگرتن له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داعش و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی چه‌كداره‌كانی به‌رامبه‌ر به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی.
وتاره‌كه له كاتێكدایه، كه له سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا هێزی پێشمه‌رگه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا توانی هه‌موو په‌لاماره‌كانی داعش تێكبشكێنێت و به هه‌ماهه‌نگی هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكییان له ناو سنووری ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه ئه‌نجامداوه.
هاوكات ئه‌مڕۆ هێزه كوردییه‌كان له رۆژئاوای كوردستان توانییان به‌نداوی ستراتیژی تشرین له ده‌ستی چه‌كدارانی داعش رزگاربكه‌ن. له هه‌مان كاتیش‌دا له شاری روومادی خۆرئاوای عێراق بازنه‌ی گه‌مارۆدانی داعش بچووك بووه‌ته‌وه و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی شاره‌كه له ئانوساتدایه.
له وتاره‌كه‌یدا ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئامۆژگاری چه‌كدارانی داعش ده‌كات، نیگه‌ران نه‌بن و دا‌واشیان لێده‌كات له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا پاشه‌كشێ نه‌كه‌ن و له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و "ئازاره‌ی ده‌یچێژن، ئارام بگرن".
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی تۆمه‌تی ئه‌وه ده‌خاته پاڵ كورد، كه "خوێنی سوننه‌یان حه‌ڵاڵ كردووه" ئه‌مه له كاتێكدایه نزیكه‌ی دوو ملیۆن هاووڵاتی سوننه‌ئاینزای ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق، له لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه په‌نادراوون.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، به‌غدادی حوكمڕانانی عه‌ره‌بستان به "هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه" له ئایین تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌وان هاوپه‌یمانێتی له دوای هاوپه‌یمانێتی پێكده‌هێنن"، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی سعوودییه درووستیكردووه، به هاوپه‌یمانێتی "سه‌لولی" ناوی ده‌بات و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئیسلامی بوایه به‌رگری له ئه‌هلی سوننه له رومادی و سووریا ده‌كرد و به‌رپه‌رچی هێرشی رووس و نه‌سیرییه‌كانی ده‌دایه‌وه" به گوته‌ی خۆی.
وتاره‌كه‌ی به‌غدادی تێكهه‌ڵكێشه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له ئایه‌ته‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌كان و له كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا وه‌سیه‌ت بۆ چه‌كدارانی داعش ده‌كات، ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی مانه‌وه‌ی "خیلافه‌ت"ه‌كه‌یان نه‌بن.