وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف: كردنەوەی نوێنەرایەتی جوو پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نیە

وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاينيى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رانيه‌تى جووه‌كان په‌يوه‌ندى به‌ ئيسرائيله‌وه‌ نييه‌.

K24 – ھەولێر:

وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاينيى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رانيه‌تى جووه‌كان په‌يوه‌ندى به‌ ئيسرائيله‌وه‌ نييه‌.

له‌ لێدوانێكى تايبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، به‌ڕێوبه‌رى په‌يوه‌ندييه‌كان و پێكه‌وه‌ژيانى ئاينيى له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، مەریوان نەقشبەندی، رايگەیاند، "بە گوێره‌ى ئەو ئامارەی نوێنەری جوەكان دراوە بە وەزارەتی ئەوقاف زیاتر لە 300 خێزانی جولەكە لە ھەرێمی كوردستان دەژین و زۆربەشیان كەوتوونەتە سنووری پارێزگای دھۆك و شارۆچكەی زاخۆ".

گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانەی لە ناوەندە عەرەبیەكان باسكراوە كە گوایە كردنەوەی نوێنەری جوەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بە ئاگاداری ئیسرائیل بێت ھیچی راست نیە، ئەو نوێنەرایەتیە تایبەتە بە كوردە جوەكان، دەكرێت ھاوسۆزییەك ھەبێت چونكە زیاتر لە 200ھەزار كوردی جولەكە لە ئیسرائیل ھەن، ھەردوولا ھاوسۆزیان بۆ یەكتر دەبێت، بەڵام لە لایەنی سیاسی ھیچ پەیوەندیيەكی بە ئیسرائیل راست نیە".

لە بارەی بۆچوونی حكومەتی عێراق لە بارەی جوەكانەوە مەریوان نەقشبەندی، گوتى: "گوتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەو بڕیارەی وەزارەتی ئەوقافی بە ھەنگاوێكی گرنگ زانیوە كە جوەكان نوێنەری خۆیان ھەبێت، گوتویەتی ئەگەر لە عێراق ژمارەی پێویستیان ھەبێت ھەقی خۆیانە حكومەتی عێراقیش نوێنەریان بۆ دیاربكات".

ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی عێراق دانی بەوە ناوە، جوەكان لە عێراق ھەن بێ ئەوەی ژمارەكە ئاشكرا بكات.

نەقشبەندی ئاماژەی بەوە دا "جوەكان داوایان كردووە پەرستگا و شوێنە دێرینەكانیان گرنگی پێبدرێت و نۆژەن بكرێتەوە، ھەروەھا ھەندێكی بكرێتە مۆزەخانە و پێشانگا، داواشیان لە وەزارەتی ئەوقاف كردووە پارچە زەویەك وەك قەبرستان لە دەوروبەری ھەولێر دیاربكرێت، بۆ ئەوەی گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان ھەبێت".

لە بارەی بەشداریكردنیان لە سیاسەت و كاروباری ئیداری لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف، گوتی: "ئەوان دەڵێن بە ھیچ شێوەیەك ده‌ستله‌كاروبارى سیاسەت نادەین و داوای كورسی پەرلەمان ناكەین".

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا، نوێنەرایەتی جوەكان لە وەزارەت بكرێتەوە و نوێنەریان دیار بكرێت، ئەو بڕیارەش لە ھەندێ شوێن بە تایبەتی لە چەند میدیایەكی عەرەبی بە جۆرێكی دیكە لێكدرایەوە.