په‌رله‌مانتارێك: خەڵك لە لێدوانى پەرلەمانتاران بێزاربووه‌

سالارمەحمود: حكومەت پەرلەمانێكی ئەكتیڤى لە پشت نەبێت، سەركەوتوونابێت

K24 - ھەولێر:

لە میانی بەشداری كردنی لە گفتوگۆيه‌كى كه‌ناڵى كوردستان24، سالارمەحمود ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نيشتيمانى كوردستان رایگەیاند، "حكومەت ئەگەر پێداچوونەوە و پرۆسەیەكی ھەیە بۆ چاكسازی دەبێت بە پشتیوانی و ئیرادەی پەرلەمان بێت، بێگومان ئەگەر پەرلەمانێكی ئەكتیڤ لە پشت حكومەت نەبێت، سەركەوتوونابێت".

گوتیشی: "پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی ھەموو لایەنەكان بكرێت، بۆ ئەوەی جارێكیدیكە بە یەكڕیزی نیشتیمانی لایەنە سیاسیيەكان بتوانن چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بدۆزنەوە و خەڵكی لەو قەیرانە دەرباز بكرێت".

شوان قەڵادزێیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی كە یەكێكی دیكە بوو لە میوانی بەرنامەكە گوتى: "خەڵك لە قسەكردنی پەرلەمانتاران  و ھەموو شتێك بێ تاقەت بووە، لەبەر ئەوەی قسە زۆرە و كردەوە كەمە، پێویستە دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و دواتر ھەر پێنج لایەنی سیاسی كە حكومەتی ھەرێمی كوردستانیان پێكھێناوە گفتوگۆ بكەن".راشیگەیاند، "خەڵكی كوردستان لە ھەموومان بێزارە و پێویستە ئاشتیان بكەینەوە".