به‌هۆی پێشوازینه‌كردنی له "كچی کوردستان" ره‌خنه له عه‌بادیی دەگیرێت
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامێكى كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ لە عێراق ره‌خنه له حەیدەر عەبادیی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگرێ به‌هۆی پێشوازینەكردنی لەو كچە ئێزدییەی كە یەكێكە لە قوربانییەكانی دەستی داعش و له ميدياى جيهانييدا به "كچی كوردستان" ناوده‌برێت.
ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق، مه‌سروور ئه‌سوه‌د، رایگەیاند، "پێویسته له‌سه‌ر حكوومه‌ت و سیاسەتمەدارانی عێراق و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت وەك یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی، پشتگیریی قوربانییه‌كانی دەستی داعش بكه‌ن، جا ئه‌و قوربانیانه ئێزدیی بن، یان توركمان، شیعه بن، یاخود سوننه، هه‌موویان بوونەتە قوربانیی تاوانه‌كانی داعش كه ئه‌و تاوانانه به تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ژمار ده‌كرێن".
مه‌سروور ئه‌سوه‌د گوتیشی: "پێویسته هاووڵاتی عێراقیی هه‌ست به گرنگیپێدانی حكوومه‌تی عێراق و سیاسەتمەدارانیان بكەن له بارەی ئه‌و ناخۆشیانه‌ی پێیاندا تێپەڕیون".
ئەندامەكەی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ گرنگیی پێشوازی و چاوپێكه‌وتنی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت خسته‌ڕوو له‌گه‌ڵ قوربانیان و رزگاربووانی ژێرده‌ستی تیرۆر هه‌روه‌كوو عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر كه پێشوازی له كچێكی ئێزدی رزگاربوو لە بنده‌ستی داعش كردبوو.
هه‌روه‌ها گوته‌بێژی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، سه‌عد حه‌دیسی، لەبارەی ئەو كچە ئێزدییەی، سه‌رۆكی میسر پێشوازی لێ‌كرد، گوتی: "حكوومه‌تی عێراق نازانێت ئایا ئه‌و ژنه ئێزدییه له عێراقه‌وه یان له سووریا ده‌رچووه، هه‌روه‌ها ئاگاداری چۆنێتی رۆیشتنی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و پاشانيش سه‌ردانى بۆ میسر نییە".
حه‌دیسی ئاماژەشیكرد، "ژماره‌یه‌كی زۆری ژنانى ئێزدی ده‌ستگیركراون له لایه‌ن داعش و بۆ سووریا براون و ئه‌و ژنه‌ش نه‌هاتووه بۆ به‌غدا جا چۆن سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق چاوی پێبكه‌وێت، چونكه كارێكی نا لۆژیكییه داوای چاوپێكه‌وتنی كردبێت و پێی نه‌گه‌یشتبێت".
ئەمە لە كاتێكدایە سه‌رۆكی میسر، عه‌بدولفه‌تاح سیسی، رۆژى شه‌ممه‌ى سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌يه له قاهیره پێشوازییكرد له نادیه موراد ئه‌و كچە ئێزدییه‌ی له ژێر ده‌ستی داعش رزگاری ببوو، سه‌رۆكی میسر له‌و چاوپێكه‌وتنه "تاوانه‌كان و تیرۆری داعشی شه‌رمه‌زاركردبوو كه ئەو گرووپە به ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه ئه‌نجامی ده‌دەن".