ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی له سووریا به "تیرۆر" وه‌سف ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی راستڕه‌وی ئه‌ڵمانیا له په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته (بۆندستاگ)، ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر سووریا، به "تیرۆر" ناوبرد و به په‌لامار و هێرشه‌كانی پاریس ده‌شوبهێنێت.
سارا ڤاگنكنیخت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی راستڕه‌وی ئه‌ڵمانیا، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانیا "DPA" گوتی: "كوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل و بۆمبارانكردنیان له سووریا، هیچی له هێرش و په‌لاماره تیرۆریستییه‌كانی پاریس كه‌متر نییه".
ڤاگنكنیخت گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا روویدا، تیرۆری تاكه كه‌سییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له سووریا رووده‌دات، تیرۆرێكه وڵاتانی جیهان لێی به‌رپرسن".
رۆژی 13ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ، له ئه‌نجامی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك و په‌لامارێكی چه‌كداریدا، نزیكه‌ی 130 كه‌س له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا كوژران و نزیكه‌ی 350 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
چه‌ند كاتژمێرێك دوای په‌لاماره‌كان، رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی "داعش" به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌نجامدانی په‌لاماره‌كان راگه‌یاند.
ئه‌و په‌لامارانه‌ی داعش له پاریس، نیگه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپای به‌دوای خۆیدا هێنا، له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا، په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، رێگای به سوپای وڵاته‌كه‌یدا، له‌ناو خاكی سووریا كرده‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات و به شه‌ش فڕۆكه‌ی جۆری تۆرنادۆ چاودێری مۆڵگه‌كانی داعش له سووریا بكات، هه‌روه‌ها ژماره‌ی راهێنه‌ره سه‌ربازییه‌كانیشی له هه‌رێمی كوردستان بۆ 150 راوێژكار به‌رز بكاته‌وه.
سه‌رچاوه: دوێچه ڤیله