بارزانى ئاماده‌يى بۆ له‌ يه‌كدى نزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان ده‌ربڕى

بارزانى، رايگه‌ياند، ئاماده‌يه‌ هه‌وڵه‌كانى خۆى بخاته‌گه‌ڕ بۆ له‌ يه‌ك نزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى، رايگه‌ياند، ئاماده‌يه‌ هه‌وڵه‌كانى خۆى بخاته‌گه‌ڕ بۆ له‌ يه‌ك نزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان.

ئه‌مڕۆ، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌لیم ئه‌لجبوری كرد.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى نێوانياندا، ئه‌لجبوورى، پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ بارزانی كرد و ده‌ستخۆشی له‌ قاره‌مانێتی و ئازایەتیی هێزی پێشمه‌رگەی كوردستان‌ كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هیواشی خواست به‌ هیمه‌تی هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه‌ و پشتیوانیی هێزە هاوپەیمانەكان ناوچه‌كانی دیكه‌یش له‌ده‌ست تیرۆریستانی داعش رزگار بكرێن.

هه‌روه‌ها روونيكردووه‌ته‌وه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، ئه‌لجبوورى ستايشى بارزانی و حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ بۆ له‌ په‌نادانى ئاوارەكانى عێراق كه‌ به‌هۆی داگیركردنی ناوچه‌كانیان لە لایەن داعش ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش سه‌ليم جبوورى باس و ستايشى كاریگه‌ری رۆڵی بارزانی له‌ هاوكێشه‌كانی سیاسییەكانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و ستایشی ڕاشكاوی و هه‌ڵوێسته‌كانی كردووه‌، كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی خه‌باتی جێگه‌ی متمانه‌ی گشت لایەك و هەموو پێكهاته‌كانی عێراق بووه‌ و كاریگه‌ریشی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا هه‌بووه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران داوای له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ رۆڵی خۆی له‌ نزیككردنه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهاته‌كانی عێراق بگێڕێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌دیهێنانی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و داوايه‌دا، بارزانی ئەوەی خستووه‌تەڕوو كە ئەوەی لە توانایدابێت بۆ مسۆگەركردنی شەراكەت و لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان ئەنجامی دەدات.