سعوودیه سووته‌مه‌نی گرانكرد

K24 - هه‌ولێر:
له یه‌كه‌م هه‌نگاوی عه‌ره‌بستانی سعوودیه، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌و وڵاته، نرخی سووته‌مه‌نی به گشتی و به‌تایبه‌تیش به‌نزینی گرانكرد.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی دارایی سعوودیه رایگه‌یاند، به‌هۆی كورتهێنانی بودجه، بۆ ساڵی 2016، حكوومه‌ت نرخی ئاو، كاره‌با و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه.
كۆمپانیای "ئارامكۆ"ی دابه‌شكه‌ری به‌نزینی ئۆتۆمبێل، له تویتێكدا، له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند، كه دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی له به‌نزینخانه‌كانی سه‌ر به‌و كۆمپانیایه له گشت وڵات له كاتژمێری حه‌وتی ئێواره‌وه راده‌گیرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان نرخی به‌نزین دووهێنده به‌رزكراوه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی پێشتر نرخی هه‌ر لیترێك به‌نزین 0.45 ریالی سعوودی بوو، ئێستا كراوه‌ته 0.90 ریال.
وه‌زاره‌تی دارایی سعوودیه به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كان بخاته روو، رایگه‌یاند چاكسازی له په‌یكه‌ری ئابووری وڵات و دام و ده‌زگا حكوومییه‌كاندا ده‌كه‌ن و به هاوكاریی وڵاتانی ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو، چاو به باج و ده‌رامه‌تدا ده‌خشێننه‌وه.
به‌هۆی كورتهێنان له بودجه‌ی 2015ی سعوودیه‌دا كه بڕه‌ی به 98 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌و وڵاته ده‌ستیكردووه به پێداچوونه‌وه به نرخی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه حكوومه‌ت بۆ هاووڵاتییانی ته‌رخان كردووه.