112 کەس لە ئێران بەهۆی ئەنفلۆنزای بەراز گیانیان لەدەستداوە
K24:
محەممەد مەھدی گویا، سەرۆكی ناوەندی بەڕێوەبەریی نەخۆشییە گوازراوەكان لە ئێران رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا 1190 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشیی ئەنفلۆنزا لە نەخۆشخانەكانی ئێران تۆمارکراوە و 112 کەسیش لەو حاڵەتانە گیانیان لەدەستداوە.
محەممەد مەھدی گویا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا 1190 كەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی ئەنفلۆنزا بوونە و 112 كەسییان بەھۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
گویا گوتیشی: "ھەرچەندە ڤاكسینی ئەنفلۆنزا گەرەنتی نییە سەدا سەد نەخۆشەکە چارەسەر بکات، بەڵام بە خۆشییەوە دەرمانی تەواومان ھەیە".
سەرۆكی ناوەندی بەڕێوەبەریی نەخۆشییە گوازراوەكان لە ئێران ئاماژەشی کرد کە: 13 ناوەندی تاقیكردنەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزا لە ئێران شەو و رۆژ كار دەكەن.
محەممەد مەھدی گویا لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: پێویستە ھاوڵاتیان بە مەبەستی بەرگریی لە تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلۆنزا، دەمامك بەكار بێنن، بەتایبەت بەكارھێنانی دەمامك بۆ پزیشكەكان و پەرستیارەكان زەروورییە، چونكە راستەوخۆ لەگەڵ نەخۆشەكان لە پەیوەندیدان.