توركیا گوندەكانی بناری قەندیل بۆردوومان دەکاتەوە

"زیانی بە رەز و باخی ھاوڵاتیان گەیاندووە"

K24:

- بناری قەندیل

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا جارێكی دیكە چەند گوندێكی بناری قەندیلیان لە باشووری کوردستان بۆردوومان كرد.

پەیامنێری (كوردستان24) لە دەڤەری سۆران راگەیاند: "لە کاتژمێر یەکی شەوی رابردوو تا کاتژمێر چواری بەیانیی ئەمڕۆ چەند فرۆكەیەكی جەنگیی توركیا ھەریەك لە گوندەكانی زارگەلی، كوزینە، لێوژە، ئێندزەیان لە بناری قەندیل بۆردوومان كرد".

پەیامنێرمان گوتیشی: "بەھۆی بەردوومانەکانەوە مەترسی لەسەر ناوچەكە هەیە و بەهۆی ئەگەری دووبارە بۆردمانكردنەوەی  بازگەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، (پەكەكە) رێگە بە رۆژنامەنووسان نادات بڕۆنە ئەو ناوچەیە. بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ھاوڵاتیان پێمان گەیشتوون بۆردوومانەكە زیانی گیانیی بە دواوە نەبووە و تەنیا زیانی بە رەز و باخی گوندنشینان گەیاندووە.

چەند ساڵێكە توركیا بە بیانوی بوونی گریلاکانی (پەكەكە) لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان زۆر لە گوندەكانی ئەو ناوچانە بۆردوومان دەكات و زۆر جار ئەو بۆردوومانانە زیانی گیانیان لێدەکەوێتەوە.