رۆژنامه‌ى شه‌رق: له‌ تاران قيامه‌ته‌

باسى ژينگه‌ و شه‌ڕى هه‌ردوو به‌ره‌ى سياسى له‌ ئێران له‌ چاپه‌مه‌ندى ئێراندا بره‌وى هه‌يه‌.

K24 – تاران:

باسی جێی بایه‌خی ئەمڕۆی رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگارەكانی ئێران تایبەتە بە یادی خۆپيشاندانەكانی ساڵی 2009،  كه‌ دژى دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى مه‌حمود ئه‌حمه‌دينه‌ژاد به‌ رێبه‌رايه‌تى هه‌ريه‌ك له‌ مير حوسێن موسه‌وى و مه‌هدى كه‌ڕووبى ئه‌نجامياندا.

ژماره‌يه‌ك له‌ چاپه‌مه‌نييه‌كانى سه‌ر به‌ ره‌وتى پارێزگاران له‌ مانشێتى ئه‌مڕۆياندا داوايان لە شوورای نیگەھبان كردووه‌، لە ھەڵبژادنی داھاتووی ئەنجوومەنی شوورای كۆمارى ئیسلامی و ئەنجوومەنی شارەزایان رێگە بە نەیارەكانییان نەدەن، لەو ھەڵبژاردنە بەشدار بن.

لە وتارێكی رۆژنامەی ئەمڕۆی "سیاسەتی رۆژدا" ھاتووە، ئێستا كە ھەڵبژاردنمان لە پێشە، پێشەنگەكانی ئاژاوەگێڕی ھەڵبژادنەكەی 2009 (مەبەستی بزووتنەوەی سەوزی ئێرانە، كە عەلی ئەكبر رەفسەنجانی بە پێشەنگی دەزانن) شایی دەگێڕن و پێیانوایە خەڵك ئەو رۆژانەیان لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئێمە دڵنیاین كە شوورای نیگەھبان ھۆشیارە.

پرسێكی دیكەی رۆژنامەكانی ئێران بە گرنگیەوە باسییانكردووە، پیسبوونی كەشوھەوای شارەكانی ئێرانە و ھەمووان بە دوای لایەنەكانی بەرپرسی ئەو گرفتەدا دەگەڕێن.

نوورا حوسێنی لە راپۆرتێكدا لە رۆژنامەی دونیایی ئیقتساد نووسیوویەتی: "بەڕێوبەرانی شاری تاران، بەرپرسە حكوومی و شارەوانییەكان، ھەمووان لە بەرامبەر شەپۆلی 20 رۆژەی پیسبوونی كەشوھەوا دەستەوئەژنۆ داماون".

لە درێژەی راپۆرتەكەدا ھاتووە: "ھەرچەندە ھۆكارەكان دیارن، بەڵام دەسەڵاتداران و بەرپرسان دەستیان لەسەر دەست داناوە و چاوەڕێیی باو و بارانن، ئەو پیسییە راماڵێت".

عەلی خودایی، لە راپۆتێكی رۆژنامەی جەوان كەسەر بە سوپای پاسدارانە رەخنە لە نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی كەشوھەوا دەگرێت و دەڵێت: "مادام بەرژەوەندی كابینەی رووحانی لەسەر یەك پاژنەیە دەسووڕێتەوە، ناتوانین دڵ بەو نووسینگەیە خۆش بكەین، چونكە ئەو نووسینگەیە پشتی بەو پەندەی پێشینیان بەستووە كە دەڵێت:(كەس كوێر ناكەم و كەسیش شيفا نادەم)".

لە بابەتێكی رۆژنامەی شەرق كەسەر بە رێفورمخوازەكان ھاتووە، بە گوێرەی ئامارەكان رۆژانە 50 كەس بە ھۆی ھەڵمژینی ھەوای پیس لە تاران گیانیان لە دەست دەدەن، ئەگەر ئاماری ئەو كەسانەش زیاد بكەین كە لە شارە  گەورەكانی ئیسفەھان، ئەراك، مەشھەد و كەرەج ھەر بەو ھۆیەوە گیان لەدەست دەدەن دەبێ چی بڵێین؟

ھەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: "رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆتۆمبیل لە شەقامەكانی تاران دەسووڕێنەوە، سەرەڕای ئەوەی مۆتۆڕسیكلەكانیش بە رادەی 17 ملیۆن ئۆتۆمبیلی خراپ ژینگە پیس دەكەن".

له‌ تاران قيامه‌ته‌

سەعید بەرئابادی لە وتارێكی رۆژنامەی شەرقدا نووسیویەتی: "ئەم رۆژانە دوكەڵ و تەپوتۆز وێنایەكی ئاخرزەمانی لە تاران بۆ درووستكردووین".

رێككەوتنی ئەتۆمی پیرۆزبایی دەوێت یان لەدەستچوونی یۆرانیۆمی پیتیندراو

رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران نووسیوویەتی: "ئەو یۆرانیۆمەی لە وڵات چووە دەرەوە، بەرھەمی 10 ساڵ زەحمەتی بێپسانەوەی پسپۆرانی ئێران بوو، ئەو یۆرانیۆمە بۆ خزمەتكردن بە 845 ھەزار نەخۆشی ئێران بوو كە چارەسەرییان سەختە".

لە درێژەی باسەكەی رۆژنامەی كەیھاندا ھاتووە: "98%ی یۆرانیۆمی پیتێندراومان لەدەست چوو، ئێستا دەبێت 10 ساڵی دیكە چاوەڕوان بین بۆ بەدەستھێنانی ئەو رێژە یۆرانیۆمە".