ئايا بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان گونجاوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ريفراندۆم؟

بۆچوونى جياواز له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان هه‌يه‌

K24- هه‌ولێر

گرنگترين پرس لە باشووری كوردستان زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت،  ریفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستانە، ھەندێك لە لایەنە سیاسییەكان  بە باشی دەزانن پێش  ریفراندۆم  چەند كارێك  بكرێت  وەك رێككەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، بەڵام  ھەندێك لایەن كاتەكە بۆ ریفراندۆم بە گونجاو نازانن. 

ریفراندۆم، ئەو پرسەی خەڵك دەمێكە خۆی بۆ ئامادەكردووە و چاوەڕوانی حيزبەكانی باشووری كوردستانن تا ئەوانیش ئامادەبن سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنن، ئەمجارە ھەموو حيزبەكان لەسەر شتێك یەكدەنگن ئەویش یەكڕیزی نێو ماڵی كوردە، به‌جۆرێك تاكە ژمارەیە ھاوكێشەی سەربەخۆیی كوردستان شیكار دەكات.

 پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەكردایەتی خۆیدا بڕیاریداوە لەگەڵ حيزبەكان دانیشێت و پرسی ریفراندۆمیان لەگەڵدا تاوتوێ بكات.

كاریگەریی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و گرنگی پێگەی كورد لە ناوچەكە لەلایەك، ھەروەھا ناتەبایی حيزبەكانی ناوخۆيی ھەرێمیش لەلایەكی دیكە، وایانكردووە پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەوێتە نێوان زەمینەیەكی لەبار و نالەبار.

 ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش وای دەبینێ، كە نابێ ھیچ حيزبێك پرسی ریفراندۆم وەك موزایەدەیەكی سیاسی لە دژی حيزبەكانی تر بەكاربێنێ.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، حيزبەكەی دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردی ھەڵگرتووە، ئەم زەمینەیەی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە لەبار نازانێ.

ئامانجی لەمێژینە و ھەمیشەیی تاكی كورد بۆ سەربەخۆیی كوردستان، وای لە زۆرێك لە حيزبەكان كرد، سەربەخۆیی  بكەنە ستراتیژی یەكەمی حزبەكانیان. یەكگرتووی ئیسلامیش كە بە گوتەی خۆیان لە كۆنگرەی 6 حيزبەكەیانەوە كار بۆ دروستكرنی دەوڵەتی كوردستانی دەكەن، رایان وایە سەربەخۆبوون پێشەكی ھەیە، ئەویش یەكخستنی نێو ماڵی كوردە.

ساڵی 2016 بۆ كورد تەنیا ھاتنی ساڵێكی نوێ نییە، بەڵكو لەگەڵ ھاتنی 2016 دا، سەد ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ تێپەڕ دەبێت، ئێستا ئەو خەڵكەی كە لە قەیرانێكی دارایی سه‌خت دەژین چاوەڕوانن، لايه‌نه‌كانى ناوخۆ له‌ 2016 ئەو نێو ماڵە رێك بخه‌ن كە ھەموویان باسی لێوە دەكەن تا سەربەخۆ بوون ئاسانتر بێت.