يه‌په‌گه‌ ئامارى ساڵانه‌ى كوژراوانی داعشى راگه‌ياند

ژمارەی کوژراوانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2015 گەیشتووه‌ته‌ 5875 چەكدار

K24 – قاميشلۆ:

یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە (یەپەگە) رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2015 گەیشتووه‌ته‌ 5875  چەكدار کە لە لایەن گه‌ريلاكانى یەپەگەوە کوژراون.

بەپێی ئەو ئامارەی کە ناوەندی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل بڵاویکردووەتەوە، "لە ئەنجامی 453 ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی یەپەگە لە ساڵی رابردوودا 5875 چەكداری داعش كوژراون".

له‌ راگه‌ياندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لە ساڵی 2015 داعش 392 هێرشی بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە وەڵامدراوەتەوە".

لە بەشێكی ئامارەكەدا هاتووە: "لە ساڵی 2015 داعش 94 هێرشی خۆكوژیی بە ئۆتۆمبێل ئەنجامداوە، هەروەها 2177 چەكدارانی داعش كەوتوونەتە دەست یەپەگە و 38 چەكداری داعشیش بە دیل گیراون".

یەپەگە ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانیدا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، توانراوە رووبەری 18000 كیلۆمەتر دووجا كۆنترۆڵبكرێتەوە، هەروەها لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێكدادانەش 680 شەڕڤانی پەیەگە شەهیدبوونە".