ديارترين رووداوەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە 2015

ژماره‌يه‌ك رووداوى ديارى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان

K24 – مهاباد

ساڵی 2015 لە رۆژهەڵاتی كوردستان چەندین رووداوی جۆراو جۆر رووياندا. له‌وانه‌ دانووستانەكانی نێوان حزبە كوردييه‌كانی رۆژهەڵاتى كوردستان و دەسەڵاتی ئێران، مردنی فەریناز خوسرەوانیی كە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكی زۆری لێكەوتەوە.

دانووستان

لە سەرەتای ساڵی  2015  پارێزگاری سنە عەبدولمحەممەد زاھیدیی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاگاداری دانووستانی نێوان بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانە. ئەوەش دوای لێدوانێكی خالید عەزیزیی، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان هات، كە ئاشكرایكرد، لە ھەولێر لەگەڵ لایەنی ئێرانیی دانیشتوون، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشتوون، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

بەخشینی خەڵاتی ئازادیی

لە مانگی شوبات/ فێبرايه‌رى  2015 ، خەڵاتی ئازادى رادەڕبرین بەخشرایە هەردوو رۆژنامەنووس مەسعوود و خەسرەو كوردپوور، ئەو دوو برایە بەھۆی بەڕێوه‌بردنی ئاژانسی موكریاننیوز كە ھەواڵی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان بڵاودەكردەوە سزای 6 ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە، بەڵام لە كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2015، مەسعوود كوردپوور ئازادكرا.

مردنی فەریناز خوسرەوانیی

له‌ 3ى ئايار/ مايۆى 2015، فەریناز خوسرەوانیی بەشێوەیەكی گوماناوی لە ھۆتێل تارای شاری مەھاباد گیانی لەدەستدا. خەڵكی مەھاباد پێیانوابوو كە خاوەنی ھۆتێلەكە لە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ویستوویەتی دەستدرێژیی بكاتە سەر فەریناز. ھەربۆیە خۆپيشاندانێكی بەرفراوانیان دەستپێكرد. شارەكانی دیكەی رۆژھەڵاتیشی گرتەوە، بەھۆیەوە كەسێكیش گیانی لەدەستدا.

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنوور

رۆژی 24ی ئایار/ مايۆی 2015 گرژى له‌ نێوان گه‌ريلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان و ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی كێلەشین روویدا، بەھۆیەوە پێشمەرگەیەكی حدكا گيانى له‌ده‌ستدا. دواتر هه‌ردوولا ده‌ستيان به‌ وتوێژكرد و په‌كه‌كه‌ ئاماده‌يى ده‌ربڕى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان به‌ وتوێژ بكات. ئه‌و رووداوه‌ دواى ئه‌وه‌هات، ھەر دوو حزبی دیموكراتی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، روويان له‌ ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كرده‌وه‌.

كۆچی دوایی ئەحمەد قازیی

لە مانگی ئايار/ مايۆى 2015  ئەحمەد قازیی، نووسەر و سیاسەتمەداری كورد لە نەخۆشخانەیەكی تاران كۆچی دواییكرد. لە دوای مەرگی ھێمنی موكریانیی، ئەحمەد قازیی لە كاسایەتییە دیارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڤاری سروە لە ورمێ بوو، كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەدەبیات و رۆشنبیریی كوردیی ھەبوو.

خۆپيشاندانى دژ به‌ ئيرنا

لە ناوەڕاستی مانگی كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2015،  چالاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان كەمپەینێكی ناڕەزایی دەربڕینیان لە دژی راپۆرتێكی ماڵپەڕی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) سازكرد. ئه‌و سايته‌ ئێرانييه‌ هه‌واڵێكى له‌ بارەی چوونی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ سعودییە و توركیا، بڵاوكردبوويه‌وه‌ و تێيدا نووسيبووى: "پیاوە شەرواڵ كورته‌كه‌ى باكووری عێراق". ئەمەش وایكرد ماڵپەڕەكە ئەو رستەیە لە راپۆرتەكەدا بگۆڕێت و پاساو بۆ هه‌ڵه‌كه‌ى بھێنێتەوە.