ئامارى فه‌رميى زيانه‌ گيانييه‌كانى شه‌ڕى سووريا راگه‌يه‌ندرا

ئامارەکە کوژراوانی داعش و بەرەی نوسرە لەخۆدەگرێت.

K24 – شام:

شەڕی سووریا پێنج ساڵە بەردەوامە، بەڵام بەپێی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ساڵی 2015 یەکێکە لە خوێناویترین ساڵه‌كانى شه‌ڕ بووه‌ لەو وڵاتەدا، بەو پێیەی 55 هەزار كه‌س ته‌نيا له‌و ساڵه‌دا كوژراوون.

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی کوژراوان و بریندارەکانی شەڕی ئەو وڵاتە، رایگەیاند، "55 هەزار کەس  لە ساڵی 2015 لە شەڕی سووریا کوژراون، کە 20977 یان منداڵن و 1944 یان ئافرەتن لەسەرووی تەمەنی 18 ساڵیی و 8931 یان پیاون لە سەرووی تەمەنی 18 ساڵیی".

روانگەی سووریا گوتيشى: "7728 لەو کوژراوانە ئەندامی گرووپە چەکدار و گرووپە ئیسلامییەکانن و 8819 لە کوژراوەکانی شەڕی سووریا چەکداری هێزەکانی حکوومەتی سووریان و 7275 کوژراویشیان چەکداری سوپای بەرگریی نیشتمانی و کەتیبەکانی بەعس و لیژنە شەعبییەکان و حزبی سووریای نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و جەبهەی شەعبیی بۆ رزگارکردنی لیوای ئەسکەندەرۆنه‌ن".

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکراشی دەکات کە: "ژمارەی کوژراوانی حزبوڵڵای لوبنانیی لە شەڕی سووریا لە ساڵی 2015 گەیشتە 378 و ژمارەی کوژراوانی شیعەی لایەنگرانی حکوومەتی سووریا و لە چەند ناسنامەیەکی عەرەبیی جیاواز و ئێرانیی گەیشتووەتە 1214 کوژراو".

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەشى به‌وه‌ كرد، "ژمارەی کوژراوانی بیانیی و خاوەن ناسنامەی ئاسیایی و ئەمریکیی و ئوسترالیی سەر بە گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکان و داعش، بەرەی نووسرە، جندولشام، جوندولئەقسا و حزبی ئیسلامیی تورکستانیی لە سووریا لە ساڵی 2015 گەیشتووەتە 16212 کوژراو".