به ڤیدیۆ.. ئه‌نجامه‌كانی ئه‌مڕۆی خولی نایابی كوردستان بزانه
K24 ـ هه‌ولێر
هه‌فته‌یه‌كی كه‌مگۆڵ، پڕ له ئه‌نجامی یه‌كسان له‌گه‌ڵ كێبركێی گه‌رم ناونیشانی گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان بوو.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 1 كانوونی دووه‌م/ جه‌نیوه‌ری 2015، له كه‌ش و هه‌وایه‌كی سار و باراناوی به ئه‌نجامدانی 3 یاری له خولی نایابی كوردستان كۆتایی به یارییه‌كانی گه‌ڕی دووه‌می خوله‌كه هات.
هه‌ندرێن ـ هه‌ولێر
له پایته‌ختی هه‌رێم یانه‌ی هه‌ندرێن میوانداریی یانه‌ی هه‌ولێری كرد، باران و قور و لیته‌ی نێو یاریگه دیمه‌نێكی دراماتێكی به یارییه‌كه به‌خشی بوو، یانه‌ی هه‌ندرێن به هه‌مان ئه‌نجامی هه‌فته‌ی رابردوو كه ناونیشانه‌كه‌ی یه‌كسانبوون بوو به گۆڵێك به‌ربه‌رستی به‌رگزه‌رده‌كانی هاوشاری تێپه‌ڕاند، ئه‌مه‌یش له كاتێكدا بوو كه یانه‌ی هه‌ولێری ركابه‌ری به پێكهاته‌یه‌كی پڕ له ئه‌ستێره و به هه‌مان تیپی به‌شداربووی خولی عیراقی له خولی كوردستان رووبه‌ڕووی یانه‌ی هه‌ندرێن بووه، به‌ڵام پته‌وی ده‌روونی و جه‌سته‌یی یاریزانانی هه‌ندرێن هه‌ولێری ناچار كرد به خاڵێك مه‌منوون بێت.
یانه‌ی هه‌ندرێن له به‌رانبه‌ر هه‌ولێر به لێدانێكی به‌هێز له دووره‌وه ده‌ستپێشخه‌ریان كرد و یه‌كێك له جوانترین گۆڵه‌كانی ئه‌م خوله‌یان تۆمار كرد، به‌ڵام یانه‌ی هه‌ولێر به لێدانی سزا ئه‌نجامه‌كه‌یان یه‌كسان كرده‌وه و یارییه‌كه‌یش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك كۆتایی هات.
یانه‌ی هه‌ندرێن دووه‌مین یه‌كسانبوونی له خوله‌كه تۆمار كرد و بووه خاوه‌نی 2 گۆڵ و 2 خاڵ له خوله‌كه، یانه‌ی هه‌ولێریش ته‌نیا خاوه‌نی ئه‌و تاكه خاڵه‌یه كه ئه‌مڕۆ ده‌ستی خست، به‌و پێیه‌ی له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می چاوه‌ڕوان بوو.
زێره‌ڤانی ـ شێروانه
یانه‌ی شێروانه تاكه نوێنه‌ره‌كه‌ی گه‌رمیان ئه‌مڕۆ له شاری دهۆك بووه میوانی یانه‌ی زێره‌ڤانی. تیپی خاوه‌ن یاریگه و جه‌ماوه‌ر له خوله‌كی 21 له رێگه‌ی هێرشبه‌ری به‌توانای یانه‌كه‌ی ئه‌یوب ئه‌یاد گۆڵی پێشكه‌وتنیان تۆمار كرد.
یانه‌ی شێروانه‌ی كه‌لار له گێمی دووه‌می یارییه‌كه ریزه‌كانی خۆی رێكخسته‌وه، یاریزانی دیاریی یانه‌كه محه‌مه‌د سابر كه هه‌فته‌ی رابردوو گۆڵێكی له خۆیان تۆمار كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ قه‌ره‌بووی كرده‌وه و له خوله‌كی 73ـی یارییه‌كه فریای یانه‌كه‌ی كه‌وت و گۆڵی یه‌كسانبوونه‌وه‌ی تۆمار كرد، یارییه‌كه‌یش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك كۆتایی هات.
یانه‌ی شێروانه دووه‌مین یه‌كسانبوونی له خوله‌كه تۆمار كرد، زێره‌ڤانیش جگه له‌و تاكه خاڵه‌ی ئه‌مڕۆ هیچی خاڵێكی دیكه‌یان نییه.
كه‌ركووك ـ ئارارات
ئه‌م یارییه به پێچه‌وانه‌ی یارییه‌كانی تر بردنه‌وه‌ی تێدا تۆمار كرا، ناونیشانه‌كه‌شی گۆڵێكی بێوه‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی كه‌ركووك بوو.
تاكه گۆڵی یارییه‌كه له خوله‌كی 62 له لایه‌ن كابان حاته‌مه‌وه تۆمار كرا، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له پێگه‌ی فه‌رمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له باره‌ی یارییه‌كه خراوه‌ته ڕوو ئه‌گه‌ر ئاستبه‌رزی دیدار حامیدی گۆڵپارێزی یانه‌ی ئارارات نه‌با ره‌نگه ئه‌نجامه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ركووكیه‌كان گه‌وره‌تر با، ئه‌وه‌ی كه گرینگ بوو كه‌ركووكییه‌كان تامی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنیان له خوله‌كه كرد و قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووشیان كرده‌وه.