رۆژنامەی كەیھان: پێويسته‌ تاران رێككەوتنی ناووكى بشكێنێت

پارێزگاره‌كان داواى هه‌ڵوێستى توند له‌ ريفۆرمخوازه‌كانى ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.

K24 – ھەولێر:

رۆژنامەی كەیھان كەسەر بە باڵی پارێزگارانی ئێرانە نووسیویەتی: "شكاندنی بەردەوامی بەڵێنەكان لە لایەن واشنتۆنەوە دەرخەری ئەو راستییەیە، ئێران ته‌نيا ئه‌و رێگه‌يه‌ى له‌به‌رده‌مدايه‌، له‌ لايه‌نى خۆيه‌وه‌ ریككەوتنه‌كه‌ى ڤيه‌ننا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌".

لە سەروتاری رۆژنامەی كەیھاندا رەخنە لە بێده‌نگى و نه‌رمى نواندنى سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلامى ئێران، حەسەن رووحانی، له‌ به‌رامبه‌ر رۆژئاوا گیراوە. رۆژنامه‌كه‌ نووسیویەتی: "پێناچێت فەرمانەكەی رووحانی بۆ وەزیری بەرگری ئێران كاریگەرييه‌كی ئەوتۆی لە گۆڕینی بارودۆخەكەدا ھەبێت، ئەوەتا ئەمریكا دیسان جەخت لەسەر دژایەتیكردنی بەرنامەی مووشەكی ئێران دەكاته‌وه‌".

لە وتاری گرووپی سیاسی رۆژنامەی ئیبتكاردا به‌رگرى له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى حه‌سه‌ن رووحانى كردووه‌ و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى رووحانى به‌ په‌يڕه‌وكردنى ده‌ستوور وه‌سفكردووه‌ و ھاتووە: "ئەو ھەڵوێستەی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر ئەمریكییەكاندا، روونیكردەوە، حكوومەت پابەندی دەستوورە، لە ھەر شوێنێك لایەنی بەرامبەر رەفتارێكی دژە ئەخلاقی لەخۆی نیشان بدات، ئێران ھەڵوێستی دەبێت".

تەگەرەی نا ئەتۆمی

گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حەمید رەزا ئاسەفی لە رۆژنامەی ئیعتماددا نووسیویەتی: "دوای نامەكەی سەرۆك كۆمار بۆ وەزیری بەرگری بۆ درێژەدان و پەرپێدان بە بەرنامەی مووشەكی، دەسەڵاتدارانی ئەمریكایی بۆیان دەركەوت، لانیكەم ئێستا ناتوانن سیاسەتی سەرەڕۆیانەی خۆیان به‌سەر ئێراندا بسەپێنن".

حەسەن بەھەشتیپوور، شارەزای كاروباری نێودەوڵەتی لە رۆژنامەی ئێران كەسەر بە پارێزگارانە نووسیویەتی: "كۆڕو كۆبوونەوەی تووندڕەوەكانی ئەمریكا، كه‌ ئاواتە خوازن رێككەوتنی ناووكى ئێران و وڵاتانی 5+1 بە ئەنجام نەگات،  ناڕاستەوخۆ گوشار دەخەنە سەر ئێران و بە نیازن رەوتی باوەڕكردن بە ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ناووكى بەلاڕێدا بەرن و پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران بگەڕێنەوە خاڵی سفر.

بەھەشتیپوور، لە درێژەی قسەكانیدا لە رۆژنامەی ئێراندا نووسیویەتی: "با كۆشكی سپی پابەندی رێككەوتنامەی ناووكى بێت و رێگە لە تەگەرەی نا ئەتۆمی تووندڕەوەكان بگرێت، ئەگینا لەگەڵ وەڵامی تووند و خێرای ئێران بەرەوڕوو دەبێت".

"پارێزگاران بەئاواتی پەرجۆن"

رۆژنامەی شەرق ئێران، كە سەر بە باڵی رێفۆرمخوازەكانە نووسیویەتی: "پارێزگارەكان لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەشدا وەك رابردوو دەیانەوێت ناوەندە حكوومییەكان یەكدەست بكەن، بەڵام ئەمجارەیان بە چوونە دەرەوەی عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای كۆمارى ئیسلامی ئێران و لایەنگرانی لە ریزەكەیاندا، تووشی شكستێكی سەخت ھاتوون".

ئەحمەد غوڵامی سەرنووسەری رۆژنامەی شەرق لەو رۆژنامەیەدا نووسیويه‌تی: "پارێزگاران و باڵە پەرتەوازەكانیان لەشكرێكی شكستخواردوون، ئه‌وان هێشتا بە ئاواتی پەرجۆن، لە راستیدا ئەوان ھەر بە شێوازی كلاسیك خەریكی گێڕانەوەی سه‌رگوزشته‌ن".

غوڵامی، سەرنووسەری رۆژنامەی شەرق لە درێژەی باسەكەیدا دەڵێت: "بارودۆخی رێفورمخوازەكانیش زۆر باش نییە، سەركەوتن لە ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شوورای كۆمارى ئیسلامی تاقیكردنەوەی ئەوان نییە. تاقیكردنەوەی ئەوان لە داڕشتنەوەی سیاسەت و گەڕاندنەوەی سيمبوڵه‌ دیارەكانە بۆ گۆڕەپانی سیاسی (مەبەستی مەھدی كەڕووبی و میرحوسێن مووسەوییە)، بۆیە جێی نیگەرانییە، رێفۆرمخوازەكان ئەوەندەی جەخت لەسەر پەراوێز دەكەنەوە، ئەوەندە گرنگی بە ناوەڕۆك نادەن".

رەتكردنەوەی رەفسەنجانی

فازڵ مووسەوی لە رۆژنامەی ئارماندا كەسەر بە باڵی رێفۆرمخوازەكانە نووسیویەتی: "ماوەیەكە ھەندێك لە میدیاكانی سەر بە تووندڕەوەكان پڕوپاگەندەی رەتكردنەوەی چەند كاندیدێكی دیاری ئەنجوومەنی شارەزایان دەكەن كە ساڵانێك ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە بوون، بە گشتی پەیژەی ئەو پڕوپاگەندانە رووی لە عەلی ئەكبەر ھاشمی رەفسەنجانییە، راستە جارێك بە چەند ھۆكارێك لە ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماريی رەتكراوه‌تەوە، بەڵام ئەمجارەیان ھیچ بیانوویەكی یاسایی بۆ رەتكردنەوەی ھاشمی ره‌فسنجانيى نییە".

به‌ گشتيى ئه‌مه‌ باسو خواسى گرنگى رۆژنامه‌ و چاپه‌مه‌نييه‌كانى ئه‌مڕۆى تارانى پايته‌ختى ئێران بوو. وێڕاى ئه‌و باسانه‌ هه‌ريه‌ك له‌ پرسه‌ ئابوورى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و شه‌پۆلى سه‌رماو سۆڵه‌ و شه‌ڕى سووريا و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌ گرنگى و بايه‌خييان پێدراوه‌.

 ئا: له‌يلا قادرى