په‌رله‌مانتارێكى پارتيى: هه‌موو لايه‌ك په‌يامه‌كه‌ى بارزانييان به‌ ئيجابى وه‌رگرتووه‌

راشیگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتۆگۆ چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەكەین.

K24 – ھەولێر:

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتى ديموكراتى كوردستان رایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتۆگۆ چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەكەین، گوتيشى: "پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشكەشكردنی زیاتر لە چارەسەرێكە".

له‌ لێدوانێكى تايبه‌تييدا بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان، فرسەت سۆفی، رايگەیاند، "پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، زۆر ئیجابی بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە پێشكەشكردنی زیاتر لە چارەسەرێكە".

گوتيشى: "بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەكەین، لەبەر ئەوەی دەستكردنەوە بە گفتوگۆ بە بڕیاری سەركرادایەتی لانە سیاسییەكانە، وەك فراكسیۆنی پارتى ديموكراتى كوردستان دەستپێكردنەوەی گفتۆگۆمان پەیوەستە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی".

گوتیشی: "لەسەر پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ چەندین ئەندام پەرلەمان لە فڕاكسیۆنە جیاوازەكان دانیشتووم یان بە تەلەفۆن قسەمان كردووە، پەیامەكە بە نەفەسێكی ئیجابی وەرگیراوە، قسەمان لەسەر ئەوە كردووە چی بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان چونكە تا ئەوە نەكرێت ناتوانرێت ھیچ بكرێت".

لە بارەی پێداگری بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر گه‌ڕانه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ بۆ قۆناغى پێش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى سياسيى پارتيى ديموكراتى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، فرسەت سۆفی، گوتی: "جارێ ناتوانین قسە لەسەرھیچ بكەین بێ گفتوگۆ، بەڵام ناكرێ لە گفتوگۆدا ھێڵی سوور ھەبێت".

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ سه‌ر بنه‌ماى رێككه‌وتنێكى سياسيى كه‌ له‌ 17ى نيسان/ ئه‌پريلى 2014، له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتيى كوردستان ئه‌نجاميدا، به‌شدارييان له‌ كابينه‌ى حكومه‌تدا كرد.

له‌ 10ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2015، پارتى ديموكراتى كوردستان يه‌كلايه‌نه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان راگه‌ياند. به‌و هۆيه‌وه‌ چوار وه‌زير و سه‌رۆكى ده‌سته‌يه‌كى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ كابينه‌ى حكومه‌ت دوورخرانه‌وه‌.

له‌ 12ى هه‌مان مانگدا، رێگرى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى يوسف محه‌ممه‌د بۆ شارى هه‌ولێر كرا، كه‌ پێشتر پارتى رايگه‌ياندبوو، چيديكه‌ ئه‌و وه‌ك سه‌رۆكى په‌رله‌مان ناناسێت. ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ پێشتر له‌ په‌يامێكدا سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندبوو، "سه‌رۆكى په‌رله‌مان متمانه‌ى له‌ده‌ستداوه"‌.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى، رۆژى 31ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2015، له‌ په‌يامێكدا، پڕۆژه‌يه‌كى سياسيى بۆ چاره‌سه‌رى قه‌يرانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خسته‌ڕوو.

بارزانيى، له‌ په‌يامه‌كه‌يدا به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى به‌ هه‌موو لايه‌ك داوه‌، كه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بكات.

له‌ په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: "لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ ئەوەی گرفتەكان نەمێنن و كەموكوڕی و كێشەكان دووبارە نەبنەوە".

هه‌روه‌ها بارزانى داواشى له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كردووه‌، "بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كۆببنه‌وه‌".

له‌و باره‌يه‌وه‌ له‌ په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: "جارێكی تر داوا لە هەموو حزبە مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و كۆتایی بەم بابەتە بهێنن. یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن، یان لەسەر دەستنیشانكردنی بەڕێزێك ڕێكبكەون كە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 ئەركی سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بەهەموو توانایەك پاڵپشتیی دەكەم، یانیش بڕیار لەسەر ئەوە بدەن تاوەكو هەڵبژاردنەكانی 2017 بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەیش لەبەر شەڕ و ئەو دۆخە تایبەتەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت".

هه‌روه‌ها داوايكردووه‌، "كۆتایی بە ئیستغلالكردنی بابەتی سەرۆكایەتی بهێندرێت و چیتر بۆ ماندووكردنی خەڵك و قووڵتركردنی كێشەكان بەكار نەهێندرێت. ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و پیرۆزە پێشمەرگایەتییە و ئەگەر لە هەر پۆست و پلە و پایەیەكدا بم هەموو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی كوردستان و لە شەڕی داعش و كاركردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەم بەردەوام دەبم. "

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌دا هاتبوو: "لە دۆخی ئێستادا ئەوە لە هەموومان دەخوازرێت لەجیاتی ركابەری و دژایەتی سیاسی، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین، بەتایبەتی كە ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێدەكات".

ئا: هه‌ڤاڵ مه‌لا