رۆژھەڵاتی كوردستان له‌ كوێى گۆڕانكارييه‌كاندايه‌

رۆژھەڵاتی كوردستان بەپێچەوانەی سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان لە ساڵی رابردوودا كەمترین جوڵەی سیاسیی بەخۆیەوە بینیوە.

K24 – هه‌ولێر:

رۆژھەڵاتی كوردستان بەپێچەوانەی سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان لە ساڵی رابردوودا كەمترین جوڵەی سیاسیی بەخۆیەوە بینیوە. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندى گۆڕانكارييه‌كى گه‌وره‌دايه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى شاره‌زايانى خۆرئاوايى و ديپلۆماتكاره‌ بيانييه‌كان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، وه‌ك شاره‌زايان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، ئەگەر بڕیاری بەشداری بەرەی یەكگرتووی كورد لەھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی وەلا بنرێت، دەتوانرێت بوترێت سەرجەم جوڵەكانی دیكەی رۆژھەڵاتی كوردستان به‌ شێوازه‌كانى مەدەنی و كلتووری و ھونەری بووە.

ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی رابردوو بەرەی یەكگرتووی كورد وەكوو تاكە رێكخراوی رێگەپێدراوی كورد بڕیاریداوە، بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێراندا بكات.

"شانۆگەرییەكی سیاسییە"

ئەگەرچی ھەندێك كەس و لایەن ئەوە وەكوو خاڵی جیاكەرەوەی 2015 لە ساڵەكانی دیكە دەزانن، بەڵام تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) پێیوایە ئەوە "شانۆگەرییەكی سیاسییە" كە دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت رەوایی پێبدەن. ھەر لەبەر ئەوەش رایدەگەیەنێت، "ئەمجارەش حزبەكەیان بایكۆتی ھەڵبژاردن دەكات".

بڕياره‌كه‌ى مه‌كته‌بى سياسيى حدكا له‌ كاتێكدايه‌، رايگشتى له‌ ناوخۆى ئێراندا و ميدياى ئه‌و وڵاته‌ سه‌رقاڵى مشتومڕى تايبه‌ت به‌ كانديده‌كانى هه‌ڵبژاردن و ململانێى نێوان باڵه‌ ناكۆكه‌كانى كۆمارى ئيسلامى ئێرانن.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا بە رای چاودێران لە 2015دا سستییەك بەجوڵەی سیاسیی پارت و لايه‌نه‌ سياسيه‌يكانى رۆژھەڵاتی كوردستانەوە دیاربووە. ئه‌وان نەیتوانیوە وەكوو پارچەكانی دیكە رۆڵی بەرچاویان هه‌بێت.

ئه‌گه‌رچى ژماره‌يه‌ك له‌ پارته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ به‌رايى ده‌ستپێكى شه‌ڕى داعشدا ئاماده‌ييان ده‌ربڕى له‌ باشوورى كوردستان پێشمه‌رگه‌كانيان بچنه‌ سه‌نگه‌رى به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ به‌ هۆكارى ده‌ركيى رێگرى له‌ به‌شداربوونيان گيرا.

ده‌يانويست شه‌ڕى داعش بكه‌ن

پارته‌ كوردييه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، به‌ راگه‌يه‌ندراوى فه‌رمى ئه‌وه‌يان ئاشكرا كردبوو، كه‌ ده‌يانه‌وێت به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ن پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ى سه‌نگه‌ره‌كان بكه‌ن.

رێگرتن له‌ به‌شداريكردنى ئه‌وان له‌ به‌رگرى كردن له‌ كوردستان، له‌ دۆخى شه‌ڕى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعشدا پێشمه‌رگه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانى په‌راوێزتر خست. به‌و پێيه‌ى شه‌ڕى داعش بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ و پێگه‌ى كورد له‌ ئاستى ناوچه‌كه‌ و جيهاندا بووه‌ جێى ناوبانگ و به‌ده‌ستهێنانى ره‌وايه‌تى زياتر بۆ دۆزى كورد و ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانيش به‌شدارييان كردبا، وه‌ك شاره‌زايان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، ناوبانگى ئه‌وانيش له‌ به‌رهه‌ڵستيكردنى كۆمارى ئيسلامييه‌وه‌ بۆ تيرۆرى نێوده‌وڵه‌تى زياتر هه‌ڵده‌كشا.

له‌ باره‌ى گرنگى به‌شداربوونى كورد له‌ شه‌ڕى داعش، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپه‌ڕى كوردستان 24ی گوت: "لە باشوورو رۆژئاوای كوردستان شەڕی داعش رەھەندێكی نێودەوڵەتی بە پرسی كورد داوە. سەرنجی جیھانییەكانی بۆ لای كورد راكێشاوە".

بە رای قادر وریا، لە باكووری كوردستانیش بەھۆی سیستەمی سیاسی لەو وڵاتەدا كورد لەخەباتی سیاسی و چەكداری لەناو توركیادا بەشدارە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكرات گوتیشی: "ئەو بوارەی لە توركیا بەكوردان دراوە، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە كوردانی رۆژھەڵاتی كوردستانی نەداوە،  لە رووی چەكداریش ھەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوه‌، كە دەنگدانەوەی گەورەی لێبكەوێتەوە".

سۆران پاڵانی ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە، لە كاریگەری گۆڕانكارییە ناوچەییەكان بەسەر كوردانی سێ پارچەی دیكەی كوردستان لەگەڵ قادر وریا ھاوڕايه‌.

پاڵانى پێیوایە گەرموگوڕی سیاسیی لە باشوور و باكوور و رۆژئاوای كوردستان پەیوەندی زۆری بە گۆڕانكارییە ناوچەییەكانەوە ھەیە.

مه‌ترسى داعش هه‌مووانى خستووه‌ته‌ جوڵه‌

بە رای ئەو ھەبوونی داعش بەتایبەت لەسەر سنووری باشوور و رۆژئاوای كوردستان جوڵەیەكی دیپلۆماسی و سەربازی زۆری خستووەتە ئەو بەشانه‌ی كوردستان.

ئەو ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە، دەڵێت: "كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای نەھێشتنی داعش لەگەڵ سێ پارچەی رۆژئاوا، باشوور و باكوری كوردستان رێككەوتووە، بەڵام لە رۆژھەڵاتی كوردستان رێككەوتنی ناووكى ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك پرسی كوردی خستووەتە پەراوێزەوە".

پاڵانيی، ھۆكاری دووەمی پەراوێزكەوتنی رۆژھەڵاتی كوردستان، بۆ كپی و بێدەنگی خەڵكی رۆژھەڵات لە ھەمبەر "ئەو زوڵمەی" كە لێیان دەكرێت، دەگەڕێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەش ئەو ئەندامەی سەركردایەتییەی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشان گوتی: "ئەوان ھەوڵی زۆریان بۆ بەرجەستەكردنی پرسی كورد لەرۆژھەڵات داوە"، بەڵام وه‌ك گوتى: "پێويسته‌ كاری جدیتری بۆ بكرێت".

جيابوونه‌وه‌ له‌ كاروانى دابڕين

لەساڵانی رابردوودا زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لانیكەم یەك جیابوونەوەیان لەناوخۆیاندا ھەبووە، كە بەرای چاودێران وزەیەكی زۆری لە شەقامی كوردی و حزبەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە.

سیامەك حەیدەری، رۆژنامەنووس لەوبارەیەوە بە ماڵپه‌ڕى كوردستان 24ی گوت: "یەكەم ھۆكاری پەراوێزكەوتنی پرۆسەی سیاسی لەرۆژھەڵاتی كوردستان ئەو جیابوونەوانەن كە لەساڵانی رابردوودا خەڵكی دەرەوەو ناوخۆی حزبەكانی بەخۆیانەوە سەرقاڵ كردووە".

حەیدەری، گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان لەحزبە سیاسییەكان دڵسارد بوونەتەوە، پەراوێزكەوتنی رۆژھەڵاتی كوردستان پەیوەندی بە ستراتيژی ئەمریكاشەوە لە ناوچەكەدا ھەیە".

بەگوتەی حەیدەری دوای ئەوەی ئەمریكا عێراق و ئەفغانستانی چۆڵكرد، "ئێران لە ناوچەدا بەھێزتر بووە، حزبەكانی رۆژھەڵات توانای سەربازی و سیاسی ئەوەیان نییە، كە لەئێستادا سەرئێشەیەكی جدی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دروستبكەن".

زیاتر لە 35 ساڵە كۆماری ئیسلامی لە ئێران دامەزراوە و ھەر لەو كاتەوە ھیچ گۆڕانێكی ديارى سیاسیی لە سیستەم و بەڕێوه‌بردنی ئەو ده‌سه‌ڵاته‌دا رووینەداوە.

فەریبا محەممەدی ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیش لەو باره‌وه‌ بە ماڵپه‌ڕى كوردستان 24ی گوت: "كۆماری ئیسلامی ئێران لەرووی زوڵم و زۆرداری و دیكتاتۆرییەوە نەك لە ناوچە لەئاستی جیھانیشدا هاوتای نییە".

رۆژهه‌ڵات هه‌وێنى شۆڕشى لێيه‌

محەممەديی پێیوایە تا ئێستا دەرفەت نەبووە، بەڵام "بەردەوام ھەوێنی سەرھەڵدانی شۆڕشێكی گەورە لەرۆژھەڵاتی كوردستاندا ھەیە، جگە لەزۆرداری ئێران حزبە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانیش ھۆكارن بۆ ئەوەی سستییەك بە خەبات لەرۆژھەڵاتەوە دیارە"، ھەربۆیە داوا دەكات "خوێندنەوەیەكی واقیعی بۆ رۆژھەڵاتی كوردستان بكرێت".

يه‌كێك له‌ ديارترين ئه‌و جوڵه‌ سياسيى و سه‌ربازييانه‌ى لايه‌نه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان په‌نايان بۆ برد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ گۆشه‌گيرى و په‌راويزكه‌وتن رزگاربن، ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌يان بوو بۆ سنووره‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

ئه‌گه‌ر چى ئه‌و هه‌نگاوه‌يان رووبه‌ڕووى كۆسپ بوويه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستان ئاڵۆزى كه‌وته‌ نێوانيان، به‌ڵام سه‌ره‌نجام كێشه‌كه‌يان چاره‌سه‌ركرد و له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كانى كێله‌شين ژماره‌يه‌ك پێشمه‌رگه‌ى حدكا جێگير بوون.

له‌و باره‌يه‌وه‌، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدكا، قادر وريا گوتی: "راستە بەشێك لە پێشمەرگەكانمان بە مەبەستی پەیوەندیگرتن لەگەڵ خەڵك ناردووەتەوە سەر سنوورو ناوخۆی ئێران، بەڵام لە كاتی پێویستدا بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین بەرگری چەكدارانە لەخۆمان بكەین" وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ لابردنى كۆسپه‌كانى سه‌ر رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ رۆژهه‌ڵات.

ئا: له‌يلا قادرى