مه‌حموود عوسمان هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی پرسه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند

سەربەخۆی مافی رەوای گەلی كوردە

K24 - ھەولێر:

دكتور مەحموود عوسمان كەسایەتی دیاری سیاسی، سەبارەت بە پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24ی گوتی: "سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەردەوام داوای لە لایەنە سیاسیەكان كردووە ھەڵبژاردن بكرێت، یان لایەنەكان كەسێك دەستنیشان بكەن، بۆ ئەوەی تا ساڵی 2017 پۆستی سەرۆكایەتی له‌ ئەستۆ بگرێت، یان ئەگەر ناتوانن كەسێك دابنێن با دۆخەكە تا 2017 و كاتی ھەڵبژاردن بەو شێوەیە بمێنێتەوە".

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كە لە لایەن پەڕلەمان بێت یان خەڵك راستەوخۆ ھەڵیبژێرن، دكتور مەحموود عوسمان گوتی: "دەبێت ئەو لێژنە 21 كەسییەی كە دیاریكراوە بۆ ئەوەی دەستوور بنووسنەوە، بارودۆخی كوردستان لەبەرچاوبگرن".

هه‌روه‌ها گوتیشی:"من پێمباشە سەرۆكی ھەرێم لەلایەن خەڵكەوە ھەڵبژێردرێت."

به‌ بۆچوونی مەحموود عوسمان یەكگرتوویی و یەكڕیزی كورد، لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان، گرنگە و نابێت ھەر لایەنێكی سیاسی لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی،  بە تەنیا لەگەڵ بەغدا دابنیشێت و گوتی: "بێگومان ئەو ھەڵوێستەی حزبە سیاسیەكان زیان بە پێگەی كورد لە عێراق دەگەیەنێت".

سەبارەت بە پرسی سەربەخۆی كوردستانیش گوتی:" سەربەخۆی مافی رەوای گەلی كوردە، بەڵام ئەو پرسە پێویستی بە یەكدەنگی لایەنە سیاسیەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا ھەیە، سەرەڕای ئەوەی كە پێویستە كورد ھەوڵبدات پشتیوانی وڵاتانی دیكە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ  بۆ خۆی دەستەبەر بكات".

بۆ پرسی ھاتنی ھێزی توركیا بۆ نێو خاكی باشووری كوردستان و نارەزایەتی حكوومەتی عێراق دكتور مەحموود عوسمان گوتی: "ئەوە یەكەمجار نییە كە توركیا ھێز دێنێتە عێڕاقەوە، پێشتر لە كاتی شەڕی ناوخۆ ساڵی 97 توركیا ھێزێكی لە بامڕنێ نیشتەجێكرد و تا ئێستاش لەوێ ماونەتەوە."

ھەر لەو بارەیەوە مەحموود عوسمان پێیوایە، شەڕی مووسڵ بۆ توركیا چارەنووسسازە و توركیا ترسی لە ھەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا هه‌یه‌ و بەرای ئەو سیاسەتمەدارە پێویستە ئەمریكاش پلانی بۆ شەڕی مووسڵ ھەبێت و بەرامبەر بەو مەسەلەیە بێدەنگ نەبێت.

لەبارەی ھەڵوێستی كورد بۆ ھاتنی ھێزی توركیا  مەحموود عوسمان دەڵێت: " پێویستە كورد زۆر ژیرانە ھەنگاو ھەڵێنێتەوە و لەوبارەیەوە، رای حكوومەتی عێراق وەربگرێت".