ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه له ده‌میرتاش ده‌كات
K24 – ئه‌نقه‌ره:
سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، پێویسته سه‌ركرده‌كانی وڵاته‌كه‌ی نرخی ئه‌و لێدوانانه‌یان بده‌ن كه پشتگیری له خۆسه‌ری (ئۆتۆنۆمی) ده‌كات .
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، پشتگیری خۆی راگه‌یاند بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵای یاسایی له‌دژی سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش و فیگن یوكسه‌داغ هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په، سه‌رۆك كۆماری توركیا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی گوتی: "پێویسته ئه‌وانه نرخی لێدوانه‌كانیان بده‌ن كه پشتگیری ئۆتۆنۆمی ده‌كه‌ن".
گوتیشی : "پێویسته ده‌میرتاش و یوكسه‌داغ له پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانی دابماڵدرێن بۆ ئه‌وه‌ی به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی ده‌ستوری لێكۆڵینه‌وه له دژیان ئه‌نجامبدرێت".
سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش، یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له لێدوانێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، كورده‌كانی توركیا مافی خۆیانه ئایا ده‌یانه‌وێت له سایه‌ی سیستمی ئۆتۆنۆمی بژین یاخود له ژێر سایه‌ی زۆرداری تاكه‌كه‌سێك بمێننه‌وه .
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌توركیا دژی ده‌میرتاش و یوكسه‌داغ دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كرده‌وه به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوان ده‌رهه‌ق به سیستمی ده‌ستوری ئه‌و وڵاته .