مەسروور بارزانی: پێچه‌وانه‌ى ويستى خه‌ڵك عێراق يه‌كپارچه‌ نامێنێته‌وه‌

رەوشەكە پێویستی بە بڕیارێكی چاونەترسانەیە تا واقيعی خەڵكەكە لەبەرچاو بگیرێت.

K24 - ھەولێر:

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانيی بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی راگەیاند، ھەوڵدان ھێشتنەوەی وڵاتێكی یەكگرتوو بە پێچەوانەی ویستی خەڵك ھەوڵێكی سەركەوتوو نابێت.

مه‌سروور بارزانيى، گوتيشى: "رەوشەكە پێویستی بە بڕیارێكی چاونەترسانەیە تا واقيعی خەڵكەكە لەبەرچاو بگیرێت. رێگە بدرێت خەڵك چی دەوێت ئەوە ھەڵبژێرێت".

هه‌روه‌ها گوتى: "عێراق پارچە پارچە بووە. سوننەكان تەنیا ئەوكاتە بڕوایان بە عێراقی یەكگرتوو ھەیە، كە خۆيان دەستەڵاتداربن. شیعەش بە ھەمان شێوە، بۆیە پێناسەیەكی ھاوبەش بۆعێراقی یەكگرتوو نیە".

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێكدا باسى لە گۆڕینی سنوورەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كردووه‌، له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: "ئەو شەڕە ھێڵەكانی سنووری باشوور و رۆژئاوایی كوردستانی فراوانتر و تۆختركردووه‌تەوە".

سەبارەت بە ئامانجەكەی كورد لە راپۆرتەكەدا ھاتووە: " كورد لە باكووری عێراق و سووریادا سەرقاڵی نیشانەكردنی سنوورەكانی كوردستانی گەورەیە".

واشنتۆن پۆست ئاماژە بە قسەیەكی ساڵی رابردووی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كردووه‌، كه‌ گوتبووى: "كورد ئامادە نیە ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ دەستی داعش رزگاری كردوون رادەستی ھیچ لایەكی بكات".

لە بەشێكی دیكەدا ئەو رۆژنامەيه‌ نوسیویەتی: "لە دوای پێشڕەوییەكانی ئەو دواییەی ھێزی پێشمەرگە قسە و باسی ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی چارەنووسساز جارێكیدیكە ھاتووه‌تە ئاراوە".