ئه‌ميندارى يه‌كگرتوو: مریشك خۆڵ نەكات بەسەرخۆیدا كه‌س خۆڵى به‌سه‌ردا ناكات

"ھەرێمی كوردستان توانیویەتی لەم جەنگەدا سەركەوتووبێت".

K24 – ھەولێر:

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، لە كوردیدا پەندێك ھەیە ئه‌گەرمریشك خۆڵ نەكات بەسەرخۆیدا كەس خۆڵ ناكات بەسەریدا.

 لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ھەڤپەیڤینی كوردستان24، محەمەد فەرەج، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بارەی رۆڵی وڵاتانی درواسێ و دەوروبەر بۆ ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "لە كوردیدا پەندێك ھەیە گەرمریشك خۆڵ نەكا بەسەرخۆی كەس خۆڵ ناكات بەسەریدا، ئەگەر رێك نەكەوین زەرەر دەكەین ھەندێكجار شت روودەدات پێشبینی ناكرێت".

گوتیشی: "كەسمان لەو بارودۆخە قازانجمان نەكردووە و بە تایبەتی ھاووڵاتی زەرەری كردووە، ئەگەر راستە بۆ ھاووڵاتیان كار دەكەین با قورساییەكانی سەرشانی ھاووڵاتیان لابەین، لەبەر ئەوە رێك ناكەوین تەنازول بۆیەكتر ناكەین، دەبێ رێگایەكی دیكە بگرینەبەر بڵێین تەنازول بكەین بۆ نیشتیمان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان، دەبێ دەستەواژەی پێشتر بگۆڕین".

راشیگەیاند، "دۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی كوردستان دۆخێكی ئاڵۆزە ھۆكارەكەشی بۆ كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك قەیرانە، قەیرانەكانیش ھەندێك لە ئاست توانای ئێمە گەورەترن، وەك شەڕی داعش كە دەوڵەتە گەورەكانیش لێی دەترسن، بەڵام ھەرێمی كوردستان توانیویەتی لەم جەنگە سەركەوتووبێت، بە دوو رەھەند یەكەمیان پشت بەستن دوای خوا بە ھێز و غیرەت و ورەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كە توانیویانە پاڵەوانانە لەگەڵ ئەو ھەموو قوربانی و زەحمەتە خۆیان رابگرن، دووەمیان ھێنانی پشتوانی نێودەوڵەتی بەو دوو ھۆكارە توانیومانە خۆمان لەبەردەم داعش رابگرین".

لە بەشێكی دیكەی ھەڤپەیڤینەكەدا لەبارەی كێشەی دارایی ھەرێمی كوردستان محمەد فەرەج گوتی: "ھەڕەشەی دووەم بریتیە لەو كێشەی داراییە خۆشبەختانە تا ئێستا نەبووتە قەیرانی ئابووری، بەڵام مەترسی لێ دەكرێت گیرفانی ھاووڵاتیانی بەتاڵكردووە، حكومەتی تووشی كۆمەڵێك نەھامەتی و نیگەرانی و فەشەل كردووه‌، ناتوانێ بە دەم ھاووڵاتیانەوە بێت و خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بكات، چونكە پێویستی بە بودجە ھەیە ئەویش نیە".

ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ناكۆكیە ناوخۆییەكان بە مەترسی گەورە دەزانێت و دەڵێت: "ئەو ناتەبایی و ناكۆكیيە ناوخۆییەی ھەرێمی كوردستان لە نێوان لایەنەكان، بە داخەوە خەریكە وەك نەریتی لێدێت ھەرجارە و دوان و سێیان، كە ئەمە دەردێكی زۆرخراپە و لە ھەموو دەردەكان خراپترە و ئایندەیەكی ناشیرینی ھەرێمی كوردستان پیشاندەدات، ئێمە تەنھا لە یەكەمیان سەركەوتووین نەمانتوانیوە چارەسەری مووچەی ھاووڵاتیان بكەین ئەمە نەتوانینە، نەبوونی نابێ لە دەستەڵات بەردەوام بێت، دەبێ پێشبینی بكەین ئەگەر پێشبینیت نەكرد نابێ بهێڵیت درێژە بكێشێت. وەك شەڕی داعش لە باوەڕی كەسدا نەبوو وڵاتێكی وەك عێراق بێ مووچەی خەڵكەكەی ببڕێت و ئازاری ھاونشتیمانیەكانی خۆی بدات لەسەر مەسەلەیەكی سیاسی قەت شتی وانەبووە، بۆ دەربازبوون لەو ھەڕەشە و كێشانە تەنھا رێگە ئەوەییە رێك بكەوین و دانیشین بە یەكەوە ببین بە یەك گوتار".