رۆژنامه‌كانى ئێران: ئه‌حمه‌دينه‌ژادێكى ديكه‌ به‌ڕێوه‌يه‌

رۆژنامه‌كانى ئێران ده‌ڵێن: له‌سێداره‌دانى ئه‌لنمر دواى سه‌ردانى ئه‌ردۆغان بووه‌ بۆ رياز.

K24 – تاران:

له‌ چاپەمەنییەكانی ئەمڕۆی ئێراندا بايه‌خ به‌ رووماڵى سێ پرس دراوه‌. ئه‌وانيش لەسێدارەدرانی شێخ ئەلنمر، دووەم دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەری لەسەر سیاسەت و ئابووری ئێران. سێیەم مردنی محەممەد عەلی ئینانلو، میدیاكاری بەناوبانگی ئێران كە بە میدیاكاری سرووشت ناسرابوو.

بە گشتی رۆژنامەكانی ئێران دژی لەسێدارەدانی شێخ ئەلنمر ھێرشیانكردووەتە سەر سعوودیە و ئەو كردەوەیەی وڵاتی سعوودیەیان مەحكووم كردووە.

ناونیشانەكانی لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامە دیارەكانی ئێران تایبەت بە لەسێدارەدرانی شێخ ئەلنمر بەو شێوەیەیە: رۆژنامەی حمايه‌ت "جیھانی ئیسلام بە دژی ئالی سعوود راپەڕن"، رۆژنامەی ئیقتساد "خۆكوژی ئالی سعوود بە لەسێداردانی شێخ ئەلنمر"، رۆژنامەی جامی جەم "جنوونی ئالی سعوود"، رۆژنامەی جەوان، "خۆكوژی سعوودییه‌" و رۆژنامەی كەیھان "ئالی سعوود گۆڕی خۆی ھەڵكەند".

"ریاز لەو ئاستەدا نییە بە تەنیا بڕیار بدات"

رۆژنامەی ئیتلاعات نووسیویەتی: "رۆژێك دوای ئەوەی ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركیا سەردانی ریاز دەكات و بەڵێنی ھاوپەیمانی بە پادشایی سعوودیە دەدات، شێخ ئەلنمر لەگەڵ 46 كەسی دیكە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئالی سعوود لە سێدارە دەدرێت".

لە درێژەی باسەكەی ئەو رۆژنامەیەدا ھاتووە: "شێخ ئەلنمر شەڕی چەكداری بە دژی خێڵی سعوودیە نەكردبوو، تەنیا تاوانی ئەو شێخە شیعەیە ئاشكراكردنی تاوانەكانی ئالی سعوودبوو".

رۆژنامەی سیاسەتی رۆژ نووسیویەتی: "بێگومان عەرەبستان بە لەسێدارەدانی شێخ ئەلنمر، رووحانيی شیعە مەزھەب، ھەڵەیەكی گەورەی كرد، ریاز لەو ئاستەدا نەبوو بە تەنیا ئەو بڕیارە بدات، ھیچ لۆژیكێك ئەو رێگایە نادات كەسایەتییەكی رووحانيی شیعە كە داواكانی رەوا بوون، بەو شێوەیە لە سێدارە بدرێت".

"سعوودیە قەیرانی شوناسی ھەیە"

سەروتاری رۆژنامەی فەرھیختێگان تایبەتە بە كوژرانی شێخ ئەلنمر و نووسەر دەڵێت: "عەرەبستان لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا، ھەزاران ئازادیخوازی لەسێدارە داوە، لەسێدارەدرانی شێخ ئەلنمر تەنیا لەبەر ئەوە نەبوو، كە رووحانییەكی شیعە بووە، سعوودیە قەیرانی شوناسی ھەیە بۆیە ئازادیخوازەكان لەسێدارە دەدا".

محەممەد عەلی سوبحانی لە وتارێكدا لە رۆژنامەی ئیعتماد دا نووسیویەتی: "به‌رپرسانی سعوودیە پێیانوایە، بە لەسێدارەدانی شێخ ئەلنمر دەتوانن كەشێكی جیاواز لە ناوخۆی وڵاتەكەیاندا درووستبكەن، سعوودیه‌ لە پرسەكانی ناوچەكەدا شكستی ھێناوە، بۆیە ھێرش دەكاتە سەر ھاووڵاتیانی ناوخۆی وڵاتەكەی".

ئەگەری سەرھەڵدانی ئەحمەدینه‌ژادێكی دیكە

رۆژنامەی ئارمانی سەر بە رێفۆرمخوازەكەن باسێكی سادقی زیبا كەلام، شارەزایی زانستی سیاسیی بڵاوكردووەتەوە كه‌ تایبەتە بە كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر سیاست و ئابووری ئێران زیبا كه‌لام گوتوویەتی: "دابەزینی نرخی نەوت لە ئێران بێگومان پیلانێكی دژ بە حكوومەتی رووحانییە، چونكە دابەزینی نرخی نەوت بوودجەی ئاوەدانی كەمدەكاتەوە و دەرفەت بۆ ھاتنەسەركاری ئەحمەدینه‌ژادێكی دیكە دەڕەخسێت".

رۆژنامەی تەعادول  نووسیویەتی: "سستی رێكخراوی ئۆپیك و لاوازی داواكاری جیھانی دەستیاندایە دەست یەك بۆ دابەزینی نرخی نەوت، ساڵی 2015 ساڵی وردكردنەوەی نرخی نەوت بوو، بە جۆرێك لە 11 ساڵی رابردوودا ئەو دابەزینە لە نرخی نەوتدا بێوێنە بووە".

ئەو رۆژنامەیە بەر لەوەی باسی كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابووری ئێران بكات، لێكدانەوە بۆ بارودۆخی ئابووری سعوودیە دەكات و دەڵێت: "تا ئێستا بەرپرسانی سعوودیە باسی بەرنامەی خۆیان لەبارەی قەیرانی نەوتەوە نەكردووە، بەڵام ناچارن ریاڵی خۆیان لە دۆلاری ئەمریكا دەرباز بكەن، ھەرچەند كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دەبێت، بەڵام ھیچ چارەیەكی دیكەیان نییە".

ھەناردەی نەوتی ئێران دووھێند دەبێت

سەبارەت بە قەیرانی دابەزینی نەوت و كاریگەری لەسەر ئێران رۆژنامەی تەعادول  نووسیویەتی: "ھەناردەی نەوتی ئێران 1.1 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێكدا، بەڵام دوای دەربازبوونی ئێران لە گەمارۆكان، ھەناردەی نەوتی خۆمان دەكەینە دووھێندە، بە جۆرێك لە شەش مانگی داھاتوودا 2.2 ملیۆن بەرمێل نەوت لە رۆژێكدا ھەناردە دەكەین".

مردنی پیاوی سرووشت

لە رۆژنامەی ئیعتماد دا تایبەت بە محەممەد ئەینانلو نووسراوە: "محەممەد ئەینانلو خزمەتێكی زۆری بە پیشەسازی گەشتوگوزای ئێران كرد، ئەو پیاوە ئەڵقەیەكی كاریگەری خزمەتكردن بە سرووشت و ژینگە و گەشتوگوزار بوو".

رووداوی باشی ساڵ رێككەوتنی ناووكی ئێران

محەممەد تەوەسولی لە وتارێكی لە رۆژنامەی شەرقدا باسی دوو رووداوی گرنگی لە ساڵی 2015 دا كردووە، یەكەم بڵاوبوونەوەی تێرۆر لە جیھاندا و گووتوویەتی: "پرسی تيرۆر پێشتر تەنیا تایبەت دەكرا بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عێراق و سووریا،  بەڵام ساڵی رابردووئەو پرسە بوو بە پرسێكی جیھانی".

لە درێژەی وتارەكەدا رۆژنامەی شەرقدا ھاتووە: "رۆژانێك تيرور و توندوتیژیی لە لایەن ھەندێك وڵاتەوە بڵاودەكرایەوە، بەڵام ساڵی 2015 داوێنی خۆیانی گرتەوە".

نووسەر لە وتارەكەیدا دەڵێت: "جیھان شایەتی رووداوێكی باشیش بوو، ئەویش رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1. مێژوو دەریخست كە رایگشتی ئێران بڕوای بە دانوستان ھەیە".

ئا: له‌يلا قادرى