قاميشلۆ.. ئازاديى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دايه‌

7 حاڵه‌تى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى رۆژنامه‌وانان و 9 حاڵه‌تى پێشێلكردنى مافه‌كانيان تۆمار كراوون.

K24 – قاميشلۆ:

چالاكانى بوارى رۆژنامه‌وانيى ره‌خنه‌ له‌ پێشێلكردنى مافى ميدياكاران له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌گرن و له‌و بڕوايه‌دان، پێشێلكارييه‌كان زياتر بوونه‌.

يه‌كێتى رۆژنامه‌وانانى كورد له‌ سووريا، له‌ راپۆرتێكدا بڵاويكرده‌وه‌، له‌ ساڵى 2015دا پێشێلكارييه‌كان دژ به‌ رۆژنامه‌وانان زياتر بوونه‌.

ژماره‌يه‌ك له‌ چالاكانى كورد له‌و بواره‌دا، ره‌خنه‌يان له‌ زيادبوونى حاڵه‌ته‌كانى پێشێلكارى گرت و داوايان له‌ هه‌ر سێ كانتۆنه‌كانى حۆبه‌ڕێوبه‌رى رۆژئاواى كوردستان كرد، ئازادى زياتر بۆ كارى رۆژنامه‌وانيى ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

به‌ گوێره‌ى راپۆرتى يه‌كێتييه‌كه‌، له‌ ساڵى رابردوودا، رۆژنامه‌وانێكى كورد له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ شه‌هيد كراوه‌ و 7 حاڵه‌تى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى رۆژنامه‌وانان و 9 حاڵه‌تى پێشێلكردنى مافه‌كانيان تۆمار كراوون.