یانه‌ی ریال مه‌درید كار بۆ كڕینی ئه‌م یاریزانانه ده‌كات
K24 ـ هه‌ولێر
ئێستا بازاری كڕین و فرۆشتنی یاریزانان له ئه‌ورووپا گه‌رمه، یانه گه‌وره‌كان به وردی چاودێری ئه‌ستێره‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی یانه‌ی ریال مه‌درید كه پێده‌چێت زۆر به گه‌رمی كێبركێ بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانی تازه بكات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 3 كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، پیپی ئێسترادا كه رۆژنامه‌نووسێكی دیاری ئیسپانیایه له كه‌ناڵی Spain پلانی داهاتووی سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند كه فلۆرێنتینۆ پیرێز چه‌ندان یاریزانی ده‌ست نیشان كردووه.
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه وه‌رزشییه پێیوایه گواستنه‌وه‌ی نێیمار دا سیلڤا یه‌كێكه له هه‌ره ئامانجه‌كانی ئه‌و سه‌رۆكه، ده‌شڵێت: "پیرێز چاك ده‌زانێت گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه ئه‌سته‌مه، به‌ڵام ئه‌و حه‌زی له‌و جۆره سه‌ركیشیانه‌یه و بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه به‌رازیلییه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا كۆڵ نادات.
ئێسترادا ئه‌وه‌یشی خستۆته روو كه سه‌رۆكی ریال مه‌درید بۆ گواستنه‌وه‌ی (لیڤاندۆڤسكی، ماركۆ ریۆس، سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ و ئه‌نتوان گریزمان)ـیش له‌سه‌ر هیڵه.
ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه ئاستێكی ناجێگیری پێشكه‌ش كردووه، له ماوه‌كانی رابردوو هانده‌ران و میدیاكانی ئیسپانیا ناڕه‌زاییه‌كی زۆریان له دژی سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید پیشانداوه، ده‌ستنیشانكردنی رافائێل بێنیتێزـیش وه‌ك راهێنه‌ری یانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر نیگه‌رانی له دژی فلۆرێنتێنۆ پێرێز لێ كه‌وتۆته‌وه، بۆیه پێشبینی گۆڕانكاری گه‌وره له یانه‌ی شاهانه ده‌كرێت.