رۆژنامه‌كانى ئێران: "ئه‌مريكا ھاندەری ریازە"

رۆژنامەكانی ئه‌مڕۆی ئێران بایەخیانداوە بە ھەڵوێستی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەمبەر لەسێدارەدانی ئەلنمر، لە لایەن سعوودیەوە.

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئه‌مڕۆی ئێران بایەخیانداوە بە ھەڵوێستی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەمبەر لەسێدارەدانی ئەلنمر، لە لایەن سعوودیەوە.

رۆژنامەكانی "ئیتلاعات، رسالەت، دونیای ئیقتساد، روزان، سیاسەتی رۆژ، فەرھیختگان، حيمایەت، قودس، كاروكاریگەر، تجارەت، ئەفكار، شەھروەند، جمھووری ئیسلامی، ئیعتماد و ئیبتكار" سەرجەمیان ناونیشانی سەرەكەی ئەمڕۆیان ئەو گوتەیەی خامەنەئییە "دەستی تۆڵەی خواوەندی زۆر زوو داوێنی سیاسەتمەدارانی سعوودیە دەگرێت".

بابەتێكی دیكە كە رۆژنامەكانی ئێران گرنگیان پێداوە مەسەلەی بەكارھێنانی ھێرۆیینی چینییە، كە ماوەی ساڵێكە ئاڵوودەبووان بە مادەیی ھۆشبەر روویان تێكردووە.

راكێشانی كۆمپانیاكانی نەوتی بیانی بابەتێكی دیكەیە، كە رۆژنامەكانی ئێران بە گرنگییەوە باسیانكردووە.

رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران، رەخنەیان لە ريفۆرمخوازان گرتووە و تۆمەتباریانكردوون كە لەبەرامبەر سیاسەتەكانی ریاز نەرمی دەنوێنن، بە پێچەوانەوە رۆژنامەكانی سەربە ريفۆرمخوازان ھێرش بۆ سەر باڵوێزخانە و كونسوڵگەری سعوودیەیان ئیدانەكردووە.

"ئه‌مریكا ھاندەری ریازە"

لە رۆژنامەی كەیھاندا (سەر بە پارێزگارانە) ھەڕەشە لە سعوودیە كراوە و ئه‌مريكا بە ھاندەری حكوومەتی ریاز تۆمەتباركراوە.

لە یادداشتی رۆژی ئەو رۆژنامەیەدا ھاتووە: "یان دەبێت زەبری ستراتيژی لە شەیتانی گەورە و شیتانۆچكەكان بدەین (مەبەستی ئه‌مريكا و سعوودیەیە)، یان چاوەڕوانی كردەوەی دزێوی دیكەیان لێبكەین".

رۆژنامەی ئیعتماد ئاماژەى بە كەسایەتی شێخ ئەلنمر كردووه‌، تێيدا نووسراوە: "شێخ ئەلنمر زانایەكی جیھانی بوو، پابەندی بیروباوەڕی خۆی بوو لەو پێناوەشدا گیانی دانا، بەڵام دەبێت ئاگامان لەوە بێت، ھەندێك كەسی سیاسی لە ئێران بە مەرامی سیاسی خەریكن موزایدەی سیاسی پێوەدەكەن".

رۆژنامەی ئیعتماد (سەر بە ريفۆرمخوازەكانە)، نووسیویەتی: "سیاسەتی دەرەكی كە وەك ئامرازێك بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندی نیشتمانی سەیر دەكرێت، بەڵام ھەندێك كەس لە ناوخۆی ئێران رووداوی شەھیدبوونی شێخ ئەلنمر بە مەبەستی لادانی ركابەرە سیاسیەكانیان بەكاری دێنن، ئەوەش زیان بە بەرژەوەندی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەگەیەنێت".

رێگای نێوان تاران و ریاز زۆر لەیەكتر دوورن

لە سەروتاری رۆژنامەی ئێراندا نووسراوە: "رێگای نێوان تاران و ریاز زۆر لەیەكتر دوورن، ھەڵبەت بەو شێوازە نا، كە یەكیان لەو سەری دونیا بێت و ئەویدیكە لەمسەر، بەڵكو ھەر دوو وڵات كەوتوونەتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڵام دوو وڵاتی دراوسێ كە یەكیان لەسەروو، ئەویدیكەشیان لە خوارووی رووبارەكەیە، سەروو و خوارووی پانتای ئاوی كه‌نداوى فارس".

ئەو رۆژنامەیەی سەر بە پارێزگاران نووسیویەتی: "مەودای دراوسێیەتیەكەمان دوور نییە، بەڵام جیاوازیمان زۆرە، تاران ھێشتا مێزی مێوانەكانی میوانداری یەكگرتوویی ئیسلامی كۆ نەكردووەتەوە و نوێنەرانی شیعە و سوننەیی رەوانەی شار و وڵاتەكانیان نەكردووەتەوە".

"سەرەڕۆكانی ئیتلاعات"

سەروتاری رۆژنامەی دەوڵەت (ريفۆرمخوازە) نووسیویەتی: "توندڕەوی و توندوتیژی كاریگەری خراپی لەسەر رەوتی دانووستانەكانی ئێران و وڵاتانی 5+1 دەكات، چ لە لایەن توندڕەوەكانی ریازەوە بێت، چ لە لایەن سەرەڕۆكانی ئێران بێت".

رۆژنامەی قانوون نووسیویەتی: "رووداوی ھێرشەكەی دوێنێ شەو بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودیە، نەك ھەر كردەوەیەكی گوماناویی نییە، بەڵكو زۆریش روون و ئاشكرایە و پێویستە دەزگای ئیتلاعات لەگەڵ دەستەی نفووزی خۆی و سەرەڕۆكانی لە ھێرشەكەدا (مەبەستی دارودەستەی خودی ئیتڵاعاتە) كاردانەوەی جدیتری بێت".  

لە رۆژنامەی ئەبراردا جێگری وەزیری نەوتی ئێران، باسی لە دانانی 5 مەرج كردووە، كە كۆمپانیا بیانییەكان بۆ وەبەرھێنان لە ئێران پێویستە لەبەرچاوی بگرن.

زیادكردنی بەشی پیشەوەرانی ئێرانیی لە جێبەجێكردنی پرۆژە نەوتییەكاندا، تەندرووستی، ئاسایش و ژینگە وەك كلیلە سەرەكییەكانی پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گاز دوای لاچوونی گەمارۆ ئابوورییەكان لە ئێران ھەژماردەكرێن، ھەروەھا پابەندبوون بە شەفافییەت لە مەرجە سەرەكییەكانن كە وەزارەتی نەوتی ئێران بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی داناوە.