بارزانى: هەڵوێستی ئیتاڵیا لەبیر ناكه‌ين

رایگەیاند، گەلی كوردستان هەڵوێستی وڵاتی ئیتاڵیا لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و كوردستان لەبیر ناكات.

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، رایگەیاند، گەلی كوردستان هەڵوێستی وڵاتی ئیتاڵیا لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و كوردستان لەبیر ناكات.

ئەو گوتەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە میانی دیدارێكیدا بوو لەگەڵ كونسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر، ئەلێساندرا دی پیپۆ، كە ئەمڕۆ بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كرد.

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی نوێی ئیتاڵیا خواست و سوپاسی گەل و حكوومەتی وڵاتەكەیانى كرد، كە لە رۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوون.

بارزانی راشیگەیاند، "سەردانی بەرپرسە باڵاكانی ئیتاڵیا لە سەرەتای شەڕی داعش تا ئێستا ئاماژەیەكی روونە بۆ دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و ئیتاڵیا، هیواشی خواست، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێشەوەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

كونسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە ھەولێر، ئەلێساندرا دی پیپۆ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیداری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، كوردستان بۆ گەل و حكوومەتی ئیتاڵیا بایەخێكی تایبەتی هەیە و هەموو هەوڵێكدەدات پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بدات.

گوتیشی: "گەل و حكوومەتی ئیتاڵیا ئاگاداری هەوڵەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانن بۆ تێپەڕاندنی هەڕەشەكان و ستایشی كولتووری پێكەوە ژیان و ژیانی دیموكراسی و پاراستنی پێكهاتەكان و یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان دەكەن".