پێشمه‌رگه و مارێنزی ئه‌مه‌ریكا به‌شداری ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
هه‌فته‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌ستیپێكردووه و شاره‌زایه‌كی سه‌ربازیش رایگه‌یاندووه، هێزی زه‌مینی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتوونه‌ته عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا بكه‌ن.
ماڵپه‌ڕی "سكای نیوز عه‌ره‌بیه"ی ئیماراتی بڵاویكرده‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 3 هه‌زار سه‌ربازی مارێنزی ئه‌مه‌ریكا، له چه‌ند شوێنێكی جیاجیای عێراق جێگیر كراون و ئه‌مه‌ریكا به نیازه، له ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ به‌شدارییان پێ بكات.
سه‌رچاوه‌كه گوتیشی: "تا ئێستا سه‌دان سه‌ربازی مارێنزی گه‌یشتوونه‌ته عێراق و له چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی داهاتووشدا ژماره‌یه‌كی زیاترییان ده‌گه‌نه وڵات و به‌شداری له ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ن".
به گوێره‌ی هه‌واڵی ئه‌و ماڵپه‌ره عه‌ره‌بییه، به‌شێك له‌و هێزه‌ی مارێنزی ئه‌مه‌ریكا له بنكه‌ی سه‌ربازی "عین ئه‌سه‌د" جێگیر كراون و به‌شێكیشیان گوازراونه‌ته‌وه بۆ ناو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، بۆ پاراستنی باڵیۆزخانه‌كه له هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له رۆژئاوای به‌غداوه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه جه‌خیشتی كرده‌وه: "ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵ، به به‌شداری هێزه‌كانی مارێنز، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و چه‌ند هێزێكی تایبه‌تی عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێت".
سه‌رچاوه‌كه كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، راشیگه‌یاندووه به‌شداریكردنی مارێنزی ئه‌مه‌ریكا له ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ، به رێككه‌وتن بووه له‌گه‌ڵ میلیشیا شیعییه‌كان.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی هێزه‌كانی خۆیداوه، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ میلیشیا شیعییه‌كان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی چه‌كدارانی میلیشیاكه".
دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ میلیشیا شیعییه‌كان له‌سه‌ر سێ خاڵ رێككه‌وتوون و گوتی: "میلیشیا شیعییه‌كان له به‌رامبه‌ر سێ خاڵدا به‌شداری ئازاكردنه‌وه‌ی موسڵ ناكه‌ن، كه بریتین له‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نها ئه‌ركییان ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ بێت، هه‌روه‌ها رێگری له چه‌كدارانی ئه‌و میلیشیایه نه‌كه‌ن و پشتگیریش له هۆزه سوننییه‌كانی ناوچه‌كه نه‌كات".