"ھەڵبژاردن لە ئێران خزمەت بە دۆزی كورد ناكات"

سووننەتێكی سیاسیی لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەیە كە بەسەر دەقە دەستوورییەكانی ئەو وڵاتدا زاڵە

K24 – هه‌ولێر:

پەروێز رەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین، بە كوردستان 24ی راگەیاند، سیستەمی سیاسی ئێران داخراوە  و ھەڵبژاردن لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕی سیاسی دروست ناكات.

پەرویز رەحیم گوتی: "سووننەتێكی سیاسیی لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەیە كە بەسەر دەقە دەستوورییەكانی ئەو وڵاتدا زاڵە".

بە رای ئەو مامۆستایە ھەندێك  ئیرادە و ویست لە سیستەمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا كەوتوونەتە سەرووی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامییەوە.

سەبارەت بە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی دۆزی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان، پەرویز رەحیم  گوتی: "یەكگرتوویی نەتەوەكانی ئێران، چالاكی حزبە سیاسییەكان، دیپلۆماسی بەرفراوان و مانگرتنی سەرتاسەری لە ناوخۆی ئێران، بە ھەموو نەتەوەكانییەوە، دەتوانێت ئاڵوگۆر لە ناوخۆی ئێراندا دروستبكەن و دۆزی كورد و سەرجەم نەتەوە ژێردەستەكانی دیكه‌ی ئێران بەرەوپێشبەرن".

پەرویز رەحیم سەبارەت بە ھەڵوێستی حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ھەڵبژادنی ئێراندا پێیوایە، حزبەكان دوورێگەیان لەبەردەمە،  یان پاڵپشتی لە كاندیدێك بكەن، كە بێگومان كاندیدی دەستنیشانكراوی ئەوان بە فیلتەری كۆماری ئیسلامیی ئێراندا تیناپەڕێت، یان بایكۆتی ھەڵبژاردنەكان بكەن كە ئەوەش كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت.

لە درێژەی قسەكانیدا پەروێز رەحیم گوتی: "ناكرێت رۆڵی وڵاتانی رۆژئاوا لە پەراوێزكەوتنی كێشەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لەبەرچاو نەگرین، چونكە ئەوەنده‌ی پرسی ناووكی و ئابووری ئێران بەلایانەوە گرنگە، بایه‌خ بە پرسی مافی مرۆڤ و نەتەوە ژێردەستەكانی ئێران نادەن".