به‌ڤيديۆ.. پێشمه‌رگه‌كان عاشقى كچێكن

نيشتمانى كوردستانه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا کەشوھەوای ھەرێمی كوردستان زۆر سارد بووە زۆر جار ئێمە لە ماڵەكانماندا بەرگەی ئەو سەرمایە ناگرین، ئەی چی بەو پێشمەرگانە بڵێین كە لەبەرەكانی جەنگن و دەبێت ژیانی ئەوان چۆن بێت؟

 بە دڵنیاییەوە  لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، پێشمەرگەكان لە بەرەكانی جەنگ بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕدەبن، و لەبەرئەوەی چەكدارانی داعشیش زیاتر لە شەودا ھێرش دەكەن، بۆیە پێشمەرگەكان شەو تا بەیان ناخەون و لە پێناو نیشتیماندا ئێشك دەگرن.

پێشمەرگە بە ئاوێكی سارد لە كەشێكی سارد دەستنوێژ دەگرێ بۆ ئەوەی نوێژ بۆ خودایەك بكات كە داعش بەناوی ئەو خودایەوە دەیەوێ شەھیدی بكات، ئێرە حەسەن شامە .

لێرە كەشەكە ھێندە ساردە بە حاڵ دەتوانی تەنانەت نیو كاتژمێریش لە دەرەوە بوەستی، مەگەر كەسانێك بتوانن كە ناویان پێشمەرگە بێ و رۆحی پێش مەرگ بوون بۆ نیشتمان لە ناخیاندابێ.

بە گوێرەی ئەوەی ئەم سەنگەرە چەند كیلۆمەترێك لە چەكدارانی داعشەوە دوورە، پێشمەرگەكان لە سارد و سڕبوونی پەنجەكانییان لەسەر لوولەی تفەنگەكانییان بێباكن، گرنگ نێو ماڵی ھیچ خێزانێك بە گەڕانەوەی تەرمی شەھیدێك سارد و سڕ نەبێت، ئەوەی ئەم پێشمەرگانەش گەرم دەكاتەوە سۆپای دارە كە رەمزی لادێكانی كوردستانە..

پێشمەرگەكان لە كاتی تەوابوونی ئەركەكانییان شەوە ساردەكانییان بە قسەی نەستەق و گوتنی ھۆنراوەی دڵداری و نیشتمانی گەرم دەكەن، ئەوان عاشقن تاكە مەعشوقی ھەر ھەمووشیان كچێكی جوانی بریندارە بەناوی كوردستان، ئەوان ئێستا دەیانەوێ چیدیكە رێگە نەدەن مەعشووقەكەیان بریندارتر بكرێ و بە سەركەوتنەكانشییان وردە وردە زامە كۆنەكانی سەر جەستەی ساڕێژ بكەن.

لە دوایین ھێرشی داعش بۆ سەر  ئەم بەرەیە لە مانگی رابردوو، نزیكەی 22 پێشمەرگە لێرە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان گیانی خۆیان بەخشی، ئەم پێشمەرگانەش وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن ئامادەن تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن.