دەروازەی ئیبراھیم خەلیل كرایەوە

K24-دھۆك

دوای 22 رۆژ لە داخرانی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل ئەمڕۆ دەروازەكە تەنیا بەڕووی جوڵەی بازرگانیی كرایەوە.

پەیامنێری (كوردستان24) لە پارێزگای دھۆك، رایگەیاند: "دوای ماوەیەك لە داخرانی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، كەمێك پێش ئێستا دەروازەكە بەڕووی جوڵەی بازرگانیی كرایەوە و ھاتووچۆی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا دەستیپێكردەوە".

دەروازەی ئیبراھیم خەلیل یەكێكە لە دەروازە گرنگەكان بۆ ھەرێمی كوردستان لە رووی ئابووریی و بازرگانییەوە، زۆرینەی ئالوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە ئەنجامدەدرێت.

ماوەیەك لەمەوبەر بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە باكووری كوردستان، ئەم دەروازە داخرا و دوای 22 رۆژ ئەمڕۆ جارێكی دیكە ھاتووچۆ و ئالوگۆڕی بازرگانیی لەو سنوورە دەستیپێکردەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چەندین جاری دیكە ئەم دەروازە بەھۆی گرژیی و شەڕەكانی پەكەكە و توركیا داخراوە، ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە زیانی زۆری بە خەڵكی كوردستان گەیاندووە.