جەننەتی: "قومارچى و ئارەقخۆر"يش خۆيان كانديدكردووه‌

ناڕەزایەتی خۆی لە زۆری ژمارەی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایان دەربڕی و گوتی: "ره‌وشه‌كه‌ بێسەرەبەرە".

K24 – تاران:

سەرۆكی شوورای نیگەھبانی ئێران، ئەحمەد جەننەتی، رایگەیاند، "لە بەدواداچوونەكانمان بۆ ھەڵسەنگاندنی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایان، دەركەوتووە، قومارچى و ئارەقخۆریان تێدایە و ھەندێكیشیان كێشەی ئەخلاقیان ھەیە".

ئەحمەد جەننەتی بۆ چەندمینجار ناڕەزایەتی خۆی لە زۆری ژمارەی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایان دەربڕی و گوتی: "ره‌وشه‌كه‌ بێسەرەبەرە".

جەننەتی گوتیشی: "لە نێوان 800 كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایان، ھەندێك كەس بە جلوبەرگی قاتەوە دەبینرێن، تەنانەت لە نێو كاندیدەكاندا چەند ژنێكیشیان تێدایە".

شوورای نیگەھبان بەنیازە رۆژی سێشەممە تاقیكردنەوەیەك بە كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایان بكات، ئەوە لە كاتێكدایە، بە گوێره‌ى بڕیارەكە ئەو تاقیكردنەوەیە تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوه‌، بۆ یەكەمجارە خۆیان بۆ بەدەستھێنانی كورسی ئەنجوومەنی شارەزایان كاندید دەكەن".

بە گوتەی چاودێرانیش تاقیكردنەوە بە حەسەن خومەینی نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران، "ھەڵڵای گەورە"ی لێدەكەوێتەوە، چونكە لایەنگرانی بە ئایەتوڵڵاى دەزانن.

شوورای نیگەھبان بەرپرسیارێتی پەسند كردنی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی لە ئەستۆیە. ئەحمەد جەننەتی لەگەڵ پێنج ئەندامی دیكەی شوورای نیگەھبان و چەند بەرپرسێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانیش كاندیدی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانن.

سەرۆكی شوورای نیگەھبان دیسان باسی جێگرەوەی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ھێنایە ئاراوە و گوتی: "ھەندێك كەس بە مەبەستی كەمكردنەوەی ماوەی رێبەرایەتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆیان بۆ بەدەستھێنانی كورسی ئەنجوومەنی شارەزایان دەكوتن".