ئايا مۆسكۆ به كارتى كورد هه‌مووان سه‌رسام ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
هه‌مووان ده‌زانن، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شیان له دژایه‌تیكردنى داعشدا، هه‌ريه‌ك له ئه‌مریكا و كوردانى رۆژئاوا په‌یوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵیان هه‌یه، به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى هێزه كوردييه‌كان بوونه ئه‌ندامى به‌ره‌ى سوورياى ديموكرات. له لايه‌كى ديكه‌وه رووسيا به به‌كارهێنانى كارتى هێزه كوردييه‌كان ده‌يه‌وێت هه‌مووان سه‌رسام بكات.
نووسه‌ر و شاره‌زايى سياسه‌تى ئه‌مريكا له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، سه‌لمان ئه‌نسارى له وتارێكدا كه له ماڵپه‌ڕى سى ئێن ئێن عه‌ره‌بييدا بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژه‌ى به كارتى كوردى له ململانێكانى سووريادا كردووه.
په‌يوه‌ندييان هه‌يه
نووسه‌ر له وتاره‌كه‌يدا ده‌ڵێت: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، كوردانى سووریا نه‌ته‌وه‌یى و لیبرالین، ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه، په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵى له‌گه‌ڵياندا درووستكردووه".
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "به‌شێوه‌یه‌كى سرووشتى، ئه‌مریكا گرووپێكى چه‌كدارى دروستكردووه له سووریا به ناوى (هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات) كه زۆرینه‌یان كوردن. ئه‌و هێزه دواى چه‌ند رۆژێك له ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیى رووسیا له سووریادا، پێكهێنراوه. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كى گه‌وره‌یه سیاسه‌ته‌كانى واشینتۆن له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، پشت به كاردانه‌وه‌كان ده‌به‌ستێت، پاشان هێورده‌بێته‌وه".
نووسه‌ر ئه‌وه‌شى به دوور نه‌زانييوه كه ئه‌مريكا له هه‌لومه‌رجى جيادا ده‌توانێت سياسه‌تى خۆى بگۆڕێت و له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئاڵۆزیيه‌كان به‌رده‌وامبوون، ئه‌مریكا شێوازه‌كه‌ى خۆى ده‌گۆڕێت بۆ شێوازى، "با چاوه‌ڕێ بكه‌ین و ببینین، بوونى هه‌ماهه‌نگیى له ئاستێكى باڵا و به‌ڵێن پێدانى ئیداره‌ى ئه‌مریكا به كوردانى رۆژئاوا(سووریا) به دوور نازانم".
سه‌ركردايه‌تى يه‌كگرتوويان نييه
ئه‌نسارى له درێژه‌ى باسه‌كه‌يدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، "ئه‌سته‌مه سرووشتى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى ئه‌مریكا بۆ كوردانى رۆژئاوا بزانرێن، به تایبه‌تى وه‌ك كوردانى باشوور سه‌ركردایه‌تییه‌كى یه‌كگرتوویان نییه".
نووسه‌ر له‌و بڕوايه‌دايه هێشتا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه كوردييه‌كانى سووريا جۆره "هه‌ستيارييه‌كى" هه‌يه و له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌مریكا هه‌ستیارى بابه‌تى ئاماژه‌كانى كاركردنى سیاسیى و دیبلۆماسیى له‌گه‌ڵ كوردانى رۆژئاوا(سووریا) ده‌زانێت. ئه‌مه به پله‌ى یه‌كه‌م تووركیا تووڕه ده‌كات، پاشان ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ش تووڕه ده‌كات، كه دژى دابه‌شكردنى نه‌ته‌وه‌یین له ناو وڵاتانى عه‌ره‌بیدا".
هه‌رچه‌نده نووسه‌ر هه‌وڵيداوه پاساو بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بيى و هه‌ڵوێسته‌كانيان بهێنێته‌وه و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، "هه‌ڵوێستى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌مه جیاوازه، به‌هۆى نه‌بوونى هه‌ستیارییه‌كى سیاسیى و جوگرافى زۆر له‌گه‌ڵ كورد، به به‌راورد له‌گه‌ڵ تووركیادا".
سستى توركيا ده‌يخاته قه‌يرانه‌وه
له به‌شێكى ديكه‌ى وتاره‌كه‌يدا ئه‌نسارى رووى له توركيايه‌وه و ده‌ڵێت: "توركیا پێويسته بزانێت سستى پڕۆسه سیاسیى و سه‌ربازییه‌كانى بۆ رووخاندنى رژێمى ئه‌سه‌د و نه‌هێشتنى داعش، كاریگه‌ریى خراپیان ده‌بێت و وا له تووركیا ده‌كه‌ن، ببێته ده‌وڵه‌تێك، ته‌نها وێنه‌ى هه‌بێت له ناوچه‌كه‌دا".
ئه‌نسارى ئاشكراشيكرد، "سعوودیه و وڵاتانى عه‌ره‌بى، به پشتیوانى هێزه جه‌مسه‌رداره‌كان، دوودڵ نابن هه‌له مێژووییه‌كه‌یان به كورد بده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان گه‌لى سووریا له ئه‌سه‌د و داعش رزگار بكه‌ن".
نووسه‌ر له‌و بڕوايه‌دايه، درووستبوونى كيانێكى كورديى له رۆژئاواى كوردستان "زيانى گه‌وره به به‌رژه‌وه‌ندييه جيۆسياسييه‌كانى ئه‌نقه‌ره ده‌گه‌يه‌نێت" و له‌و باره‌يه‌وه نووسيويه‌تى: "هه‌موومان ده‌زانین، به‌هێزكردنى كوردانى رۆژئاوا و یه‌كخستنى هه‌ڵوێستیان، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى سیاسیى سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رێتى، زیانى گه‌وره به جیۆسیاسیى ئه‌نقه‌ره ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌مه ده‌بێته بوونى هاوشێوه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردى، له‌سه‌ر سنوورى توركیا، ئه‌وكات كوردانى باكووريش داواى سه‌ربه‌خۆیى خۆیان ده‌كه‌ن".
له باره‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌مريكاشه‌وه، ئه‌نسارى ده‌ڵێت: "به‌شێوه‌یه‌كى گشتیى، هه‌رگیز واشینتۆن، سازش له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌دا ناكات، سه‌ره‌ڕاى بوونى سارد و سڕیه‌ك له نێوانیاندا".
له كۆتايى وتاره‌كه‌شيدا سه‌لمان ئه‌نسارى پرسيارى ئه‌وه‌ى كردووه، "راى مۆسكۆ سه‌باره‌ت به كورد چییه؟"، چونكه "تووركیا و رووسیا مێژووییه‌كى كۆنى ململانێى ئیمپراتۆرییه‌تیان هه‌یه".
هه‌روه‌ها ده‌پرسێت: "ئایا به‌منزیكانه مۆسكۆ، كار له‌سه‌ر پشتیوانیكردنى سه‌ربه‌خۆیى كورد ده‌كات؟ به تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى هاتنه پێشی شه‌رمنانه‌ى رووسیامان به‌ره‌و كورد بینى".
سه‌رچاوه: CNN