شەپۆلی رەتكردنەوەی كاندیدە كوردەكان لە ئێران بەردەوامە

K24

لە قوناغی یەكەمدا بۆ دەربازبوونی كاندیدەكان بۆ ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران لە فیلتەرەكان، ژمارەیەكی بەرچاو لە کاندیدە كوردەكان بە تایبەت كاندیدەكانی بەرەی یەكگرتوویی كورد رەتكرانەوە.

تا ئێستا پێنج ئەندامی دیاری بەرەی یەكگرتوویی كورد رەتكراونەتەوە و دیارترینیشیان دكتور رەئووف كەریمیی، سكرتێری ئەو بەرەیە و حاسڵ داسە پەرلەمانتاری پێشووی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت.

جگە لەو ئەندامە سەرەكییانەی بەرەی یەكگرتوویی كورد لە شارەکانی سەقز و بانەش کاندید خالید تەوەكوولیی رەتكراوەتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست (كوردستان 24) كەوتوون، پاساوی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ رەتكردنەوەی ئەو كاندیدانە پەیوەندییانە بە حزبە كوردییەكانەوە، لەپاڵ لێدوانەکانیان بۆ راگەیاندنە كوردییەكانی دەرەوەی ئێران.

پێدەچێت ئەو پاساوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ رەتكردنەوەی ئەندامانی بەرەی یەكگرتوویی كورد ناكۆكی خستووەتە نێوان ئەندامانی ئەو بەرەیەوە، چونکە چەند كاندیدێكی كورد لە شاری كرماشان رایانگەیاندووە: بەرپرسانی بەرەی یەكگرتوویی كورد بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئێران توندیان قسەكردووە.

كاندیدێكی كورد كە ناوەندی ھەڵبژاردنی پارێزگاكەی ھەواڵی رەتکردنەوەی پێڕاگەیاندووە،  بە (كوردستان 24)ی گوت: "ئەوان لەڕووی رێكخستن لەگەڵ ھیچ پارتێك نین، بەڵام قسەكردن لە راگەیاندنەكان بە مافی خۆیان دەزانن".

ئەو كەسانەی رەتكراونەتەوە، 7 رۆژیان مۆڵەت پێدراوە بۆئەوەی تانە لە بڕیاری رەتکردنەوەیان بدەن.

هاوکات ئەوانەی كە رەتیش نەكراونەتەوە دوو وێستگەی دیكەیان ماوە، ئەوان دەبێت لە فیلتەری ناوەندی چاودێریی و ناوەندی سەرەكیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش تێپەڕێن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران بەشداربن.