كرماشان.. زياتر له‌ 200 يه‌كه‌ى وه‌به‌رهێنان داده‌خرێن

زیاتر لە 3000 ھەزار كرێكار و پيشه‌وه‌رى بێكار كردووه‌

K24 – كرماشان:

بە ھۆی قەیرانی ئابووری و كەمی بوودجە 206 یەكەی وەبەرھێنان لە پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان داخران، ئەوەش زیاتر لە 3000 ھەزار كرێكار و پيشه‌وه‌رى بێكار كردووه‌.

سەرۆكی پیشەسازی و بازرگانی پارێزگای كرماشان، رەزا رەحیمی رایگەیاند، "بەھۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی داراییەوە 206 یەكەی وەبەرھێنان و پیشەسازی لەو پارێزگایە داخراون و بەڕێوەبەری بانكەكان و خاوەن كۆمپانیاكان ھاوكار نین، ئەوەش قەیرانی گەورەی بێكاری لەو پارێزگایە درووستكردووە".

پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێكاریی "خانەی كرێكار"، جەواد ئەكبەری گوتبووی: "بە ھۆی كەمی داواكاری بەرھەم نیوەی یەكە بەرھەمھێنەكانی كرماشان داخراون".

بە گوێرەی ئاماری وەرزیی كۆماری ئیسلامیی ئێران رێژەی بێكاریی لە كرماشان 15.2% ە و بەمەش پلەی دووەمی بێكاری لە ئاستی ئێراندا ھەیە.

لە پارێزگای كرماشان 974 یەكەی وەبەرھێنان ھەن، كە زیاتر لە نیوەیان داخراون، ئەوەش 3000 بێكاری لێكەوتووەتەوە.