بزانه‌ له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزان چ باسه‌؟

كێبركێیه‌كی گه‌رم له‌ نێوان یانه‌كاندا هه‌یه‌

K24 ـ هه‌ولێر

ئێستا ئێمە لەکاتی گواستنەوەی زستانەی یاریزانانین، رۆژ به‌ رۆژیش بازار گەرمتر دەبێت، ھەندێ یانە ئەستێرەی دەوێت بۆ خۆ بەھێزکردن ھەندێکی تریش بەدوای یاریزانی بەخۆڕایی یان نرخ ھەرزان دەگەڕێن.

یانەی مانچێستەرسیتی یەکێکە لەو یانانەی ھەمیشە بەدوای ئەستێرەوەیە، ئەمجارەشیان خۆی بۆ ئیسکۆی یاریزانی یانەی ریال مەدرید مات داوە، کە دەیەوێ بیکاتە یەکەم گرێبەست لە مێرکاتۆ.

ھەرچەندە ئیسکۆ لەژێر سەرپەرشتی بینیتیز نەماوە و ئێستا زێدان راھێنەری ریال مەدریدە، بەڵام یانەکەی ئینگلتەرا دەیەوێ بە ٤٠ ملیۆن یۆرۆ یانەی میرینگێ رازی بکات تا ئەو یاریزانە ٢٣ ساڵانە بباتە ریزەکانی خۆی.

 

یانەی ریال مەدرید بیر لە ھێنانی یاریزانێک دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەئەگەری پێکانی مارسیلۆی بەرازیلی لە باڵی چەپ پشتی پێ ببەستێ، بەرپرسانی یانەکەیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ (مارکۆس رۆخۆ)ـی ئارجەنتینایی یاریزانی یانەی مانچێستەریونایتدیان کردووەتە ئامانج و بۆ ئەوەش نزیکەی ٢٥ ملیۆن یۆرۆیان ئامادە کردووە.

ھەریەک لە یانەکانی بارسێلۆنە و ئینتەرمیلان ئێستا ناویان بە ئەنتۆنیۆ کاندریڤای یاریزانی یانەی لازیۆوە بەستراوەتەوە و ھەردوو یانەش چاودێرییەکی زۆری ئەو یاریزانە ٢٨ ساڵانە دەکەن بۆ ئەوەی خزمەتیان لە تیمەکەیان بکات.

دوای ئەوەی کاندرێڤا لە سێریا ئەی دوو گۆڵی لە یانەی ئینتەرمیلان کرد و یانەکەی کردە خاوەنی سێ خاڵ، لەوکاتەوە بارسێلۆنە و ئینتەرمیلان جەنگی ساردیان بەرپاکردووە بۆ بەدەست خستنی ئەو یاریزانە ئیتاڵییە.

یانەی چێڵسی ئیڤانۆڤیچی سڕبی ھەیە کە تەنیا شەش مانگی ماوە بۆ کۆتایی ھاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بلوز، دوای ئەوەش دەتوانێت بە خۆڕایی روو بکاتە ھەر یانەیەک كة بییەوێت وەک ھەموو کاتیش یانەی ئەی سی میلان کڕیاری ئەو یاریزانەیە

دوای ئەوەی بە شێوەی سەرەکی لە لایه‌ن گاری نیڤڵی راھێنەری یاری پێ ناکرێت، سوفیان فیگۆلی جەزائیری و یاریزانی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی جێ ھێشتنی شەمشەمە کوێرەکانی راگەیاند بۆ ئەوەش ھەریەک لە یانەکانی ئینتەرمیلان و مانچستەریونایتد ھاتوونەتە سەر ھێڵ بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی زستانە ئەو یاریزانە درێسیان بپۆشێت.

فیگۆلی لە ساڵی ٢٠١٠ ـەوە پەیوەندی بە یانەی ڤالێنسیای ئیسپانییەوە کردووە و لەگەڵ ئەو یانەی ١٣٣ یاری ئەنجام داوە.