ھەرێمی كوردستان ھەڵوێستی لە بارەی كێشەی ئێران و سعودییە راگەیاند

"نابینە بەشێك لە كێشەی نێوان ئێران و سعودییە"
kurdistan24.net

K24- ھەولێر

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەڵوێستی ھەرێمی لە بارەی كێشەكانی نێوان ئێران و سعودییە راگەیاند و گوتی ھەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە كێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر، ئەمڕۆ راشیگەیاند: "ئێمە بە ھیچ شێوەیەك نابینە بەشێك لەو كێشەیەی کە لە نێوان ئێران و سعوییە ھەیە، گیروگرفتی زۆر لە ناوچەكەدا ھەن و پێویستە بە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیی پرسەكان چارەسەر بكرێن".

فەلاح مستەفا گوتیشی: "ھیواخوازین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بتوانێ رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی ئەو كێشانە زیاتر تەشەنە نەكەن و بگەنە چارەسەرێك".

ھەڵوێستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ئەوە هات کە ھەندێك لە وڵاتانی عەرەبیی هاوشێوەی سعودییە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانیان لەگەڵ ئێران بچڕاند و پشتگیریی خۆیان بۆ ریاز دەربڕی.