كاریكاتێرەكەی شارلی ئێبدۆ كاردانه‌وه‌ به‌دواى خۆيدا ده‌هێنێت

میدیای فەرەنسا لە ژمارەكانی ئەمڕۆیاندا گرنگی بە كاریكاتێرەكەی شارلی و دابەزینی نرخی نەوتی خاو داوە.

K24 – پاریس:

میدیای فەرەنسا لە ژمارەكانی ئەمڕۆیاندا گرنگی بە كاریكاتێرەكەی شارلی و دابەزینی نرخی نەوتی خاو داوە.

میدیای فەرەنسا ئاماژەيان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئەو كاریكاتێرەی لە ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسانی شارلی ئێبدۆ دروستكرابوو بووه‌تە ھۆی توڕەبوونی عەرەبەكان.

گۆڤاری شارلی ئێبدۆ لە ساڵیادی كوژرانی رۆژنامەنووسانیدا، كاریكاتێرێكی دروستكردووە، سكێچى پیاوێكە جلێكی عەرەبی پۆشیوە و چەكی لە شانە و لەسەرەوە نووسراوە "بكوژانی شارلی ئێبدۆ بە ئازادی دەسووڕێنەوە".

شارلی ئێبدۆ یەك ملیۆن دانەی لە چاپداوە، عەرەبەكانیش ئەمە بە "سووكايه‌تيكردنی عەرەب" و "رەگەز پەرستی" لەقەڵەم دەدەن.

میۆن ئۆخیێنتی فه‌ره‌نسا، نووسیویەتی: "نەوتی خاو نزمترین ئاستی تۆماركرد، بەجۆرێك وەبەرھێنەرانی نەوتی خاوی تووشی شۆك كردووه‌".

فرانس24، نووسوویەتی: "لە مانگی كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى ساڵی رابردوودا لە ئەنجامی  بۆردومانەكانی ھاوپەیمانێیتی نێودەوڵەتی بۆ سەر داعش 2500 چەكداری داعش لە عێراق و سووریادا كوژراون.

تەلەڤزیۆنی ئەوروپا یەكی فەرەنسی لە سایتەكەی نووسیوویەتی: "حزبی نەتەوە پەرستی فەرەنسا كاندیدی دەبێت بۆ ھەڵبژاردنی  سەرۆكایەتی فەرەنسا".

ژۆخنال سواخێ، نووسیوویەتی: "مانوێل ڤالێس سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاندووە، دەبێت دەستووری وڵات ھەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ھیچ كەسێك بە ئاسانی نەتوانێت ھەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی بێت".

ژۆرنالی فەرەنسی نووسیوویەتی: "بەریتانیەكان دەیانەوێت لە یەكێتی ئەوروپا بێنە دەرەوە، پشتگیری سەرۆك وەزیران دەكەن".

رۆژنامه‌ى لمۆند نووسیویەتی: "تاقیكردنەوەی بۆمبی ھایدرۆجینی كۆریای باكوور ئەنجوومەنی ئاسایشی ھێنایە دەنگ".