كونگرێستی ئەمریكا یاسایەكی نوێی بە دژی ئێران پەسند دەكات

لێژنەی كاروباری دەرەوەی كونگرێستی ئەمریكا یاسایەكی نوێی دژی بەرنامەی مووشەكی ئێران پەسند كرد،ھاوكات ئێران ئەو یاسایە بە بەربەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی وڵاتەكەی و وڵاتانی 5+1 دەزانێت.

K24 – هه‌ولێر :

 لێژنەی كاروباری دەرەوەی كونگرێستی ئەمریكا یاسایەكی نوێی دژی بەرنامەی مووشەكی ئێران پەسند كرد،ھاوكات ئێران ئەو یاسایە بە بەربەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی وڵاتەكەی و وڵاتانی 5+1 دەزانێت.

ئاژانسی ھەواڵی رویتەرز بڵاویكردووەتە، "لە كاتێكدا حكوومەتی ئەمریكا باسی نزیكبوونەوەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی دەكات، كونگرێسی ئەمریكا بە پەسندكردنی یاسایەك ھەوڵی، رێگری لە رێككەوتنەكە دەدات".

لێژنەی كاروباری دەرەوەی كونگرێسی ئەمریكا یاسایەكی پەسندكردووە كە بە پێیی ئەو یاسایە بەربەستێكی زۆر دەكەوێتە بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1.

كۆماریخوازەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا بە پەسندكردنی ئەو یاسایە گوشار دەخەنەسەر دەوڵەتی ئەمریكا، ئەوەش لە كاتێكدایە كە جۆن كێری گوتبووی:" رێككەوتنی ناووكی لەچەند رۆژی داھاتوودا جێبەجێدەكرێت".

بە گوێرەی ئەو یاسا نوێیەی كونگرێس، بڕیارە چەندین نوێنەر سەرپەرشتی دۆسییەیی ناووكی ئێران بكەن، ھاوكات تاوتوێی گەمارۆ مووشەكییەكانی ئێرانیش بكەن.

ھەرچەندە كۆمەڵێك لە ئەندامانی پارتى ديمۆكراتی ئەمریكا دژی دواكەوتنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1ن، بەڵام ئێد روس، سەرۆكی لێژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا گوتی: "ئەو یاسایە گوشار دەخاتەسەر ئوباما بۆ ئەوەی گەمارۆ مووشەكییەكانی سەر ئێران دوانەخات".

ئەو بەرپرسە ئەمریكییە گووتیشی: " ئەو یاسایە لە پێناو دابینكردنی ئاسایشی ھاوڵاتییانی ئەمەریكا بەرامبەر ناوەندەكانی پەیوەنديدار بە دۆسییەی مووشەكی ئێران، بە تایبەت سوپای پاسداران پەسندكراوە".

ئێد روس ئەوەشی خستووەتەڕوو: " پێویستە ئەو كەس و ناوەندە ئێرانیانەی كە ئاسایشی ئەمریكا دەخەنە مەترسییەوە ھەروا گەمارۆیان لەسەر بێت".