رۆژنامه‌كانى ئێران.. "جەواد زەریف پشتی دێشێت"

خراپی بارودۆخی نەخۆشخانەكانی ئێرانیش باسێكی دیكەی جێیی بایه‌خی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێرانە.

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران چەندین پرسیان ورووژاندووە. باسوخواسی "سەرەڕۆكان" ئەوانی ھێرشیانكردە سەر باڵوێزخانەی سعوودیە لە شارەكانی تاران و مەشھەد. لایەنەكانی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان لە تۆمەتبار كردنی یەكتر بەردەوامن. لەسەروبەندی نزیكبوونەوەى ھەڵبژاردنیی ئەنجوومەنیی شارەزایانیی رێبەریی و ئەنجوومەنی شورای كۆمارى ئیسلامیی زمانی ھەردوولایەن بەرامبەر یەكتر زبرتر بووە، پرسی خراپی بارودۆخی نەخۆشخانەكانی ئێرانیش باسێكی دیكەی جێیی بایه‌خی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێرانە.

لە رۆژنامەی ئیبتكاردا وتاری نوێژی ھەینی لە تاران بڵاوكراوەتەوە، وتاربێژی نوێژی ھەینی لە تاران كە لە لایەن مەرجەعی شیعە ئايه‌توڵڵا كاشانی پێشكەشكراوە، ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانە و كونسووڵگەری سعوودیە لە تاران و مەشھەدى مەحكووم كردووە. ئاماژەی بە گوتەی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەئی كردووە كە لە كاتی ھێرشكردنەسەر باڵوێزخانەی بریتانیا گوتبووی: " ئەو ھێرشە ھەم تاوان و ھەمیش خیانەته‌".

كاشانی ئه‌وه‌شى گوتووه‌: "دیارە ھێرشەكەی سەر باڵوێزخانە سعوودیە دەستی دەرەكی تێدابووە و كەسانی نەزانیان بەكار ھێناوە، لەو ھێرشەدا گروپێك رێبەری كردووە و تۆپەكەیان خستووەتە گۆڕەپانی ئێمەوە".

رۆژنامەی وەتەنی ئيمروز بە گرنگیيەوە باسی خۆپيشاندانە سەراسەرییەكی دوێنێیی تارانی كردووە، نووسەر گوتوویەتی: "بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و مەحكوومكردنی لەسێدارەدانی رێبەری شیعەكانی سعوودیە ئەلنمر خەڵكی ئێران خرۆشان و بە یەك دەنگ گوتیان مەرگ و نەمان بۆ ئالی سعوود".

لە سعوودیە شازادەی باشیش ھەڵدەكەوێت

لە سەروتاری رۆژنامەی جەوانی سەر بە سوپای پاسداران نووسەر دەڵێت: "رەنگە لە نێو شازادە لووتبەرز و لەخۆباییەكانی سعوودیە، كەسانێك ھەبن راستییەكان بزانن و بۆیان دەركەوتبێت رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كارێكی ئاسان نییە، بەڵێ دەكرێت شازادەی واقعبینیشیان تێدا بێت".

نووسەر لە وتارەكەیدا نموونەیەك بۆ قسەكانی دێنێتەوە و دەڵێت: "تەلال بن عەبدولعەزیز لەو شازادانەیە كە گوتوویەتی: "لە ناو بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودیە ناكۆكی ھەیە و سعوودیە بۆی دەركەوتووە لە شەڕی یەمەندا سەرناكەوێت، ئەوەش بە جێیی خۆی، بەڵام ئێمە بە ھاوپەیمانەكانمان گوتووە، لەگەڵ ھەڕەشەی ئێران قومار ناكەین، چونكە حەزناكەین دەرگاكانی دۆزەخ بەڕووی خۆماندا بكەینەوە".

پوریا عالەمی لە گۆشەی تەنزی رۆژنامەی شەرقدا نووسیویوتی: "تا كەیی دەبێت دانیشتنە دیپلۆماسییەكان لە جیھاندا لە ژوورێكی دیاریكراو بەڕێوەبچێت، بۆ نایەن لە كۆڵان بەڕێوەی بەرن. ئاوا یەك، دوو، سێ... دیپلۆماتەكان ھەڵێن و بە دیوارەكاندا ھەڵچن، ھەركەس زووتر بە دیوارەكەدا سەر كەوت سەركەوتووە".

ئەو تەنز نووسە لە درێژەدا نووسیویەتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف پشتی دێشێت ناتوانێت لە دیوارەكان سەركەوێت، ئەوەش قەیناكا دوور نییە، زەریف لەگەڵ دونیای دیپلۆماتێك ماڵاوایی بكات".

بێ دەنگی حەسەن خومەینی مانادارە!

لە وتارێكی رۆژنامەی ئارمانی سەر بە رێفورمخوازەكان نووسەر باسی لە بێدەنگی حەسەن خومەینی كردووە، نووسیویەتی: "ئەو بێدەنگیيە پڕمانایە". تووندڕەوەكان ھێرش دەكەنە سەری، بەڵام ئەو بێدەنگە، ھەر وەك گەورەكانی خۆی (رووحوڵڵا خومەینی، سافی گوڵپایەگانی، مەكارم شیرازی، جەواد ئامولی و ...) كاتێك نەیاران ھێرشیان دەكردە سەریان بێدەنگیان ھەڵدەبژارد و دوعایان بۆ تووندڕەوەكان دەكرد.

محەممەد رەزا عارف، سیاسەتمەداری ریفۆرمخواز، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ روژنامەی شەرق تایبەت بە رۆڵی زانكۆ لە پێشكەوتندا گوتوویەتی: "قوتابیانی زانكۆ گرنگترین چینی كۆمەڵگه‌ن، بە داخەوە لە وڵاتی ئێمە لایەنێك لەبەر بەرژەوەندی سیاسی (مەبەستی پارێزگارانە) نایانەوێت زانكۆ و گەنجەكانمان بە پلەی ئەقڵانیەت بگەن و خواستەكانی خۆیانیان پێدەفرۆشن".

ئەو سیاسەتمەدارە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: "زانكۆ ناوەندی ململانێیی سیاسی نییە، شوێنی داسپاندنی بیروبۆچوون نییە، بە داخەوە زانكۆكانی ئێران كەشی ئەمنیەیی بەسەریاندا زاڵە".

11 ھەزار و 800 پزشك لە ئێران ون بوون

سەرۆكی رێكخراوی پزشكی، زەھرا جەعفەری لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی شەھروەند گوتوویەتی: "نەخۆشخانەكانی ئێران تووشی خەمۆكی بوون، كورسییەكان لەكار كەوتوون و كەرەستە پزشكییەكان كۆن بوون، ئەوجا دەبێت حاڵی نەخۆشخانە كۆنەكان چۆن بێت. لە درێژەی قسەكانیدا جەعفەری گوتوویەتی: "لە كاتی قەیراندا نەخۆش چ ھیوایەكی بێت، ئەگەر بوومەلەزرەیەك رووبدات لە پێشدا ئەو نەخۆشانەی بە ھیوای چاكبوونەوە روویان لە نەخۆشخانە كردووە، لەناو دەچن".

لە درێژەی قسەكانیدا جەعفەری گوتووشێیەتی: "كۆمەڵگه‌ی ئێران بەرەو پيربوون دەچێت، جۆری نەخۆشییەكانش دەگۆڕدرێن، بەڵام زیاتر لە 20 ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی نەخۆشخانەكانی ئێران بە ستاندار بگەن".

بە گووتەی ئەو بەرپرسە ئامارەكانی ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، "11 ھەزار و 800 دەرچووی بەشی پزشكی زانكۆكان ون بوون و نەگەڕاونەتەوە ناو سیستەمی پزشكی ئێران. "سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پزشكانە جەعفەری گوتی: "بارودۆخی خراپی پزشكيی وایكردووە ئەو كەسانە بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچ بكەن یان واز لە پیشەكەیان بێنن".

ئا: له‌يلا قادرى