له ساڵێكدا 6 ههزار تۆن خۆراكى ماوهبهسهرچوو رهوانهى ئێران كراوهتهوه
K24 - ھەولێر:
بە گوێرهى ئاماری بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە ٦ هەزار تۆن خۆراكی ماوە بەسەرچوو گەڕێندراوەتەوە ئێران.
ئاماری بنكەی كوالێتی كۆنترۆڵ لە مەرزی پەروێزخان، ئەوەى خستهڕوو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥دا پشكنین بۆ ٢ ملیۆن و ٤٧٩ هەزار و ٢٢٥ تۆن شتومەكی هاوردەكراو كراوە.
ئهوهش روونكراوهتهوه، بەهۆی دەرنەچوونیان لە پشكنین ٣ هەزارو ٧٢٥ تۆن لهو شتومهكه گەڕێندراوەتەوە، هەروەها لە بنكەی كشتوكاڵی مەرزەكەدا پشكنین بۆ ٦٣٩ هەزار و ٩٠٥ تەن سەوزەو میوە كراوە و ١٥ هەزار و ١٦٥ تۆن میوه و سهوزه بەهۆی خراپی و دەرنەچوون لە پشكنین گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران.
ئامارەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لەو ماوەیەدا پشكنین بۆ ١١٣ هەزار و ٣٦٨ تۆن پەینی كیمیایی هاوردە، كراوە. ههروهها ٦١٨ تۆن لهو پهينه بەهۆی دەرنەچوونی لە كوالێتی كۆنترۆڵ رەوانەی ئێران كراوەتەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو ئامارەدا ھاتووە، پشكنین بۆ ٥٠٠ هەزار و ١٣٢ تۆن خۆراك كراوە. 2 هەزارو ١٧١ تۆنی دەرنەچووە و بۆ ئێران گەڕێندراوەتەوە.
ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە، زۆرترین كەلوپەل و خۆراكیش لە رێگەی دەروازە نێودەوڵەتیيەكانی پەروێزخان، حاجی ئۆمەران و باشماخ ھەناردەی ههرێمى كوردستان دەكات.