كۆگای ته‌قه‌مه‌نی ته‌قينه‌وه‌كانى پاریس دۆزرایه‌وه
K24 ـ پاريس:
به‌هۆی دۆزینه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری تۆمه‌تبارێك، ئه‌و شوقه‌یه ده‌ستنیشانكرا كه وه‌كو كۆگای ته‌قه‌مه‌نی به‌كارهاتووه له هێرشه تیرۆرستییه‌كه‌ی شاری پاریس.
داواكاری گشتی به‌لژیكا رایگه‌یاند، له‌ئه‌نجامی پشكنینێك له رۆژی 10 كانوونی یه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌ری 2015، دۆزینه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری تۆمه‌تبارێك به‌ناوی (سه‌لاح عه‌بدولسه‌لام) له‌و شوقه‌یه‌ی ده‌كه‌وێته گه‌ڕه‌كی شیربیك له بڕۆكسلی پایته‌ختی به‌لژیكا ئاشكراكرا.
به گوێره‌ى زانیارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌لژیكا، نازانرێت عه‌بدولسه‌لام ماوه‌ی چه‌ند له‌و شوقه‌یه ماوه‌ته‌وه كه خۆی تێدا حه‌شارداوه دوای ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی پۆلیس رایكردووه، هه‌ربه‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئه‌و وڵاته، ئیبراهیم كه برای سه‌لاح عه‌بدولسه‌لامه یه‌كێك بووه له خۆكوژه‌كانی ته‌قينه‌وه‌كانى پاریس كه 130 كوژراوی لێكه‌وته‌وه.
هه‌روه‌ها داواكاری گشتی به‌لژیكا روونیكرده‌وه، دۆزینه‌وه‌ی پشتێنه‌ی هه‌ڵگرتنی ته‌قه‌مه‌نی و شوێنه‌واری مادده‌ی ته‌قینه‌وه و چه‌ندین كه‌لوپه‌لی دیكه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوقه‌یه بۆ دروستكردنی ته‌قه‌مه‌نی به‌كارهاتووه.
داواكاری گشتی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانی پشتڕاستكرده‌وه و ئاماژه‌ی كرد به‌وه‌ی، سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی رابردووی پاریس 10 تۆمه‌تبار له لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه یه‌كێكیان هه‌ڵساوه به به‌كرێگرتنی ئه‌و شوقه‌یه به ناسنامه‌ی ساخته‌كراو.
ئێواره‌ی رۆژی 13ى تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، زنجیره‌یه‌ك هێرشی تیرۆريستی كه بریتی بوون له ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی و به بارمته‌گرتن و ته‌قه‌كردن، كرانه سه‌ر شاری پاریس و چه‌ندین قوربانی لێكه‌وته‌وه. ئه‌و هێرشه تیرۆريستییه ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆری له وڵاتانی ئه‌وروپا بڵاوكرده‌وه، میلیشیای داعش به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌و هێرشه راگه‌یاند، له‌لایه‌كی دیكه‌وه فرانسوا ئۆلاند سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به‌رپرسیاریه‌تی كوشتاره‌كانی خسته ئه‌ستۆی داعش.