به وێنه.. گیان له‌ده‌ستدانی "دایانا" جێگای گومانی بلێره
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مه‌ریكا چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نوێی نووسینگه‌ی بێل كلینتۆن، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بڵاوكرده‌وه، كه زانیاری له باره‌ی "تیرۆركردنی" دایانا، هاوسه‌ری شازاده چارلزی كوڕی شاژنی ئه‌لیزابێس ئاشكرا كردووه.
رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یڵ"ی به‌ریتانی جه‌ختی كرده‌وه، تۆماری ده‌نگی یه‌كێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بێڵ كلینتۆن و تۆنی بلێر، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی به‌ریتانیا، هه‌ندێك بابه‌تی هه‌ستیاری له‌خۆ گرتووه و به‌هۆی هه‌ستیاری و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ندێك له گفتوگۆكانیش به ته‌واوی بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه.
له‌و تۆماره ده‌نگییه‌دا، تۆنی بلێر، باوه‌ڕی به راگه‌یندراوه فه‌رمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی نه‌بووه، كه له باره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی "دیانا" بڵاوكراونه‌ته‌وه، له ساڵی 1997، گوایه دایانا له رووداوی ئۆتۆمبێل له تونێلی"ئه‌لما"ی پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا گیانی له‌ده‌ستداوه.
بلێر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا له‌گه‌ڵ بێل كلینتۆن، ره‌تیكردووه‌ته‌وه، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی "دایانا و دودی فاید"، به خێرایی 100 میل له كاتژمێرێكدا، واتا 160 كیلۆمه‌تر، به‌ناو تۆنێله‌كه‌دا رۆیشتبێت.
بلێر جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، شه‌قامه‌كانی پاریس "وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به باشی شاره‌زایه"، رێگا به‌و خێراییه زۆره‌ی رۆیشتنی ئۆتۆمبێل نادات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌و شه‌وه ئۆتۆمبێله تایبه‌ته‌كه‌ی دایانا له‌كار كه‌وتووه و دودی فایدیش له هوتێلی "ریتز پاریس" بووه، به ناچاری له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێكی دیكه سه‌ركه‌وتوونه.
سه‌رچاوه رۆژنامه‌وانییه‌كانی به‌ریتانیاش بڵاویانكرده‌وه، كه شۆفێره‌كه‌ی "هێنری پۆل"ی فه‌ره‌نسی بووه و ئه‌و شه‌وه ته‌واو سه‌رخۆش بووه و نه‌یتوانیوه كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێله‌كه بكات.
مردنی دایانا له ساڵی 1997 و له رووداوی ئۆتۆمبێل، بووه باسی میدیاكانی جیهان به گشتی و پێشتر شازاده شارلز له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا دانی به‌وه‌دانابوو، كه خیانه‌تی هاوسه‌ری له دایانا كردووه و له‌گه‌ڵ كامێلا كارته‌ر خه‌وتووه.
دواتر میدیاكان باسییان له بوونی په‌یوه‌ندی سۆزداری كرد له نێوان دایانا و ئه‌حمه‌د دودی فاید، كه به‌ره‌گه‌ز میسرییه، به یه‌كه‌وه له رووداوی ئۆتۆمبێل له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا له مانگی ئابی 1997 گیانییان له‌ده‌ستدا.