رۆژنامەیەکی ئێرانیی: بەمەرجێک تاران 100 ملیارد دۆلاری دەستدەكەوێت

"تا دوو ھەفتەی دیکە گەمارۆ لەسەر بانکەكانی كۆماری ئیسلامیی لادەبرێن"

K24:

رۆژنامەی تەعادولی ئێران رایگەیاند ئەگەر ئەگەر گەمارۆكانی سەر ئێران لاببرێن تەنیا لە چەند ھەفتەی داھاتوودا ئێران دەتوانێت 100 ملیارد دۆلار داھاتی دەرەكی بۆ بۆژاندنەوەی كەرتی نەوت و گاز بەدەستبێنێت.

رۆژنامەی تەعادولی ریفرۆمخوازی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەشڵێ: دوای لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران، "بە گوتەی سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئێران، سەرجەم ئاڵۆگۆڕەكانی كاڵا و پارە وەك خۆی لێدێتەوە، تەنانەت رەنگە باشتریش بێتەوە".

لە رۆژنامەکەدا ھاتووە: "ئەگەر گەمارۆكانی سەر ئێران لاببرێن، تەنیا لە چەند ھەفتەی داھاتوودا، ئێران دەتوانێت 100 ملیارد دۆلار داھاتی دەرەكی بۆ بۆژاندنەوەی كەرتی نەوت و گازی خۆی بەدەستبێنێت".

خامەنەئی داوا لە ھاوڵاتیانی ئێران دەكات، بەشداریی لە ھەڵبژاردن بکەن

چاپەمەنییەكانی ئەمڕۆی ھەردوو باڵی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان لە ئێران، لە لاپەڕەی یەكەمیاندا بە گرنگییەوە باسی گوتەکانی دوێنێی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەئیان كردووە، كە داوای لە ھاوڵاتیانی ئێران کرد، بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی بكەن.

سەروتاری چەندین رۆژنامەی ئەمرۆی ئێران سەرەڕای ئەوەی دیسان تایبەتن بە باسوخواس و شیكاریی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران و سعودییە، ئاماژەشیان بە سیاسەتەكانی توركیا لە ناوچەكەدا كردووە.

"كۆشكە گڵینەكانی سعوودیە وەلەرزە كەوتووە"

لە سەروتاری رۆژنامەی مەردم سالارییدا نووسەر دەلێ: "دەسەڵاتی پاشایەتی لە سعودییە لەسەر بنەمای ورووژاندنی بریتانیا بە دژی عوسمانییەكان دامەزراوە، ھەرچەندە دوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر سێبەری دووژمنایەتیی لەگەڵ وڵاتەكەماندا، سعوودیە توانی بڕێك پێشكەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام كۆشكە گڵینەكانیان لەسەر كۆڵەكە گەلێك بنیات ناوە، كە ئێستا وەلەرزە كەوتوون.

"توركیا لە دوو بازاڕەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكات"

ھەر سەبارەت بە سیاسەتی توركیا رۆژنامەی شەرق وتارێكی بڵاوكردووەتەوە و نووسەر تێیدا دەڵێ: "توركیا ئێستا بازرگانێكە كە لە دوو بازاڕی گەرمی سیاسییەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكات، ئاگاداری ئاڵۆزییەكانیشە. توركیا دوو جار ھەڵبژاردنیكرد ئەویش تەنیا لە پێناو ئاڵۆزكردنی پرسی پێكھێنانی حكوومەت، چونكە ئەردۆغان دەیزانیی بە تەنیا ناتوانێت حكوومەت پێكبێنێت".