میدیا فەرەنسييهكان: جووەكان فەرەنسا بهجێدەھێڵن
K24 – پاریس:
كۆچكردنی جووەكان، تووندكردنی سنوورەكانی ئەڵمانیا و كوژرانی جێگری دووەمی بەغدادی باسی ئەمڕۆی میدیای فەرەنسان.
رۆژنامهی "لۆمۆند" نووسیوویەتی: "كۆچكردنی جووەكانی فەرەنسا حكوومەتی ئهو وڵاتهی نیگەرانكردووە. مانوێل ڤالێسی سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا نیگەرانی دەربڕیوە".
لە دوای ھێرشەكانی سەر گۆڤاری "شارلی هێبدۆ" چەندین ھێرشی ديكه لە فەرەنسا ئەنجامدران چەندینجار جووەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن توندڕەوەكانەوە ھەڕهشەیان لێكراوە بۆیە بەشێكی زۆریان كۆچیان كردووە، بەرەوە ئیسرائیل.
ئەوروپایەكی فەرەنسی لە ماڵپەڕەكەی نووسیوویەتی: دەستدرێژیكردنە سەر ژنان لە ئەڵمانیا وایكردووە، مێركڵ بڕیاری توندكردنی سنوورەكان و گۆڕانكاری لە مافی پەنابەریێتیدا بكات.
دوای ئەوەی لە ئاھەنگەكانی سەرى ساڵدا دهنگۆى ئهوه بڵاوكرايهوه، گوايه، ژمارهيهك لە پەنابەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقى دەستدرێژیان كردووهته سەر ژنانى ئەڵمانیا ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە، لەلایەن خەڵكی ئەڵمانیا و حكوومەتی ئەو وڵاتە.
فرانس24 نووسیوویەتی: بۆماوەی ھەفتەیەك چەندین چالاكی لە گۆڕەپانی كۆماريی لە پاریس بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی شارلی ئیبدۆ سازدهكرێن.
لە 7ى كانوونى دووهم/ يهنايرى 2015، ساڵی رابردوو، دووچەكدار ھەڵیانكوتایە سەر بارهگای گۆڤاری شارلی ئێبدۆ 12 رۆژنامهنووسیان كوشت، سێ رۆژ دوای ئەوە لە پاریس خۆپیشاندانێكی چهند مليۆن كهسيى رێكخراو، كە تێيدا سەرۆك بەرپرسە باڵاكانی 42 وڵات بەشداریان تێدا كرد، ئەمەش بەگەورەترین خۆپیشاندان دادەنرێت لە مێژووی فەرەنسا.
ژۆرناڵی فەرەنسی نووسیوویەتی: جێگری یەكەمی ئەبووبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش لە ئەنبار كوژراوە، كە كاندید بووە بۆ وەزیری بەرگری داعش.