رۆژنامه‌كانى تاران "10 حەسەن خومەینی بەسن"

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران بەردەوامن لەسەر ھێرشكردنە سەر سعوودیە

K24 – تاران:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران بەردەوامن لەسەر ھێرشكردنە سەر سعوودیە و ھاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شوورای كۆمارى ئیسلامیی ئێران رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران ھێرشەكانیان بۆ سەر ھاشمی رەفسەنجانی چڕتركردووەتەوە و گوشارەكانیان بۆ پاشگەزكردنەوەی حەسەن خومەینی لە ھەڵبژاردنەكان بەردەوامە و ریفۆرمخوازەكانیش دروشمی "مجتھید" بوونی حەسەن خومەینییان بەرزكردووەتەوە.

رۆژنامەی ئافتابی یەزد، گوتەیەكی مەرجەعی شیعە مووسەوی ئەردەبیلی كردووەتە مانشێت و نووسيويه‌تى: "ئەگەر ئێران 10 كەسی وەك حەسەن خومەینی، نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێرانی هه‌بووایە بەسی بوو".

 "دەمانتوانی ھاشمی رەفسەنجانی بكوتین"

رۆژنامەی ئارمان گوتەیەكی مورتەزا ئاغا تارانی مەرجەعی شیعەی بیر ھێناوەتەوە كە لەسەردمی سەرۆك كۆمار مەحموود ئەحمەدی نژادەوه‌ مامۆستای وانه‌ى ئاكارى ناوبراو بووە و گوتوویەتی: "ئەگەر مەبەستمان بووایە لەسەر بنەمای فه‌رمان به‌ چاكه‌ و رێگرى له‌ خراپه‌ دەمانتوانی ھاشمی رەفسەنجانی تێروپڕ بكوتین".

"ئەمریكا و سعوودیە دوو رووی دراوێكن"  

لە سەروتاری ئەمڕۆی رۆژنامەی كەیھاندا (سەربە پارێزگاران)، رۆژنامه‌كه‌ پێیوایە ئەمریكا ھۆكاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعوودیەیە، بۆ ئەوەی تەنانەت ئەو لانیكەم بەڵێنەی بە ئێرانیشیاندابوو، جێبەجێیی نەكەن. ئەوەش گەمەی نوێی سعووديیەكان و پڕۆژەی دژە رێككەوتنی ناووكی كۆنگرێسی ئەمریكایە، ئەو دوو وڵاتە دوو روویی دراوێكن، ئالی سعوود خاڵ بە خاڵی بەرنامەكانی ئه‌مريكا جێبەجێدەكات.

نووسەری وتارێكی رۆژنامەی جەوان (سوپای پاسداران) نووسیویەتی: "ئەو گرژیی و ئاڵۆزییەیی نێوان ئێران و سعوودیە رێكەوت نەبوو، ئەو كارە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو، بەرنامە داڕێژەران ئامانجی دیاریكراویان پەیڕەو دەكرد".

ئەو رۆژنامەیەی سەر بە سوپای پاسداران ئه‌وه‌شى نووسیوه‌: "لە رووداوەكەی باڵوێزخانەی سعوودیە ھێرشكرايه‌ سەر سوپا و بەسیج ئەویش ھاوكات بوو لەگەڵ پەسندكردنی چەند پرۆژە یاسایەكی دژ بە سوپای پاسداران لە كۆنگرێسی ئەمریكا".

دروشمی ریفۆرمخوازەكان بێ شيعر نییە

ھەر لە بارەی گرژیی نێوان سعوودیە و ئێران رۆژنامەی ئیتڵاعات نووسیویەتی: "سیاسەتی بەریەككەوتن و كێشەخوڵقێنی حكوومەتی ریفۆرمخوازی ئێران، درووشمی بێ شيعر نەبوو".

هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "ئەو سیاسەتە لەسەر بنەمای بارودۆخی ناوچەكە و جیھان دیاریكرا كە دەریدەخات لەھەر شوێنێك حكوومەتی وڵاتە ئیسلامییەكان بە تایبەت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كێشەیان بۆ دروست دەبێت، سێبەری دەزگا ئەمنیەتی و سیاسییەكانی ئيسرائیل و پاڵپشتی ئەمریكای لەپەشتەوەیە".

رۆژنامەی ئێران  سەر بە ریفۆرمخوازەكان نووسیویەتی: "ھێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی سعوودیە بەھەر ھۆكارێك بێت، بووە ھۆی ئەوەی حكوومەت بەھایەكی یەكجار گەورە بدات، تووندڕەوەكان لەو دوو ساڵەدا بەردەوام ھەوڵیانداوە رێگری لە رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 بكەن".

تیزابیان بەسەروچاوی حكوومەتی ئێراندا كرد

لە ستوونێكی تەنزی رۆژنامەی شەھروەند دا نووسەر دەڵێت: "ھێرشكردنە سەر باڵوێزی سعوودیە تیزابيكرد بەسەروچاوی سیاسەتی دەرەوەى ئێراندا". 

ئا: له‌يلا قادرى