زه‌ريف: رێگه‌ به‌ سعوودييه‌ ناده‌ين

رێگە نادەین كردەوەكانی سعوودیە كاریگەری خراپ لەسەر چارەسەری قەیرانی سووریا دابنێت.

K24 – تاران:

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ستيڤان دی میستورا، بۆ پرسی سووریا، رايگه‌ياند، رێگە نادەین كردەوەكانی سعوودیە كاریگەری خراپ لەسەر چارەسەری قەیرانی سووریا دابنێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "سعوودیە كاری گێرەشێوێنی لە ناوچەكەدا رەچاو دەكات و دەیەوێت كاريگەری خراپ لەسەر چارەسەری قەیرانی سووریا دابنێت".

لەگەڵ زيادبوونى گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئێران و سعوودیە، كۆمكارى عەرەبی و ئەنجوومەنی ھاوكاری كەنداو لە دوو دانیشتنی نائاساییدا لە ریاز و قاھیرە كۆبوونەوە. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی سیاسەتی ئێران لە ناوچەكە  بە "دەستێوەردەر" و "ئاژاوەگێڕی مەزھەبی" دەزانن.

زەریف لە درێژەی قسەكانی دا گوتی: "بەرپرسەكانی سعوودیە ھێرشیانكردە سەر باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەنعا و كارمەندانی ئەو باڵوێزخانەیەیان برینداركرد، سعوودیە رۆڵی چاكە لە ناوچەكە ناگێڕێت، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاراستنی باڵوێزخانەكاندا بەرپرسانە مامەڵە دەكات".

دوای لەسێدارەدانی كەسایەتی شیعەئاينزا، ئەلنمر لە لایەن سعوودیەوە، لە شارەكانی تاران و مەشھەدی ئێران ھێرشكرایە سەر بینای باڵوێزخانەی سعوودیە و ھێرشبەران ئاگریان تێبەردا.

بەرپرسانی ئێرانیش "لایەنگرانی مەرجەعێكی توندڕەو، بریتانیەكان، نەیارانی حكوومەت یان سيخوڕه‌كانى ریاز" بە تۆمەتباری رووداوەكە دەزانن.