يه‌كگرتنه‌وه‌ى ديموكراته‌كان به‌ كوێ گه‌يشت

سه‌ركردايه‌تى هه‌ردوو باڵى حزبى ديموكرات، تا ئێستا ئاماده‌ نيين له‌ ژێر ناوێكدا كۆبوونه‌وه‌يه‌ك له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان ئه‌نجامبده‌ن

K24 ـ هه‌ولێر:

سه‌ركردايه‌تى هه‌ردوو باڵى حزبى ديموكرات، تا ئێستا ئاماده‌ نيين له‌ ژێر ناوێكدا كۆبوونه‌وه‌يه‌ك له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان ئه‌نجامبده‌ن و سه‌ره‌ڕاى كه‌مپينه‌ جه‌ماوه‌رييه‌كان بۆ يه‌كگرتنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ نوێترين پێشهاتدا، هه‌ردوو حزب يه‌كدى به‌ له‌باربردنى هه‌وڵه‌كانى يه‌كگرتنه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

ده‌نگى ناڕه‌زايه‌تى

له‌ شه‌ش مانگى رابردوودا، چالاكانى كوردى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، له‌ پێناو په‌راوێزنه‌كه‌وتنى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و جێپێكردنه‌وه‌ى هێزه‌كانيان له‌ گۆڕانكارييه‌كانى ناوچه‌كه‌دا كه‌مپينێكى فراوانيان له‌ پێناو يه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو باڵى حزبى ديموكرات رێكخست.

بێ هيوا بوون

"بێئاكام بوونى" هه‌وڵه‌كانى يه‌كگرتنه‌وه‌، گه‌نجانى رۆژهه‌ڵاتيى ناو بۆته‌ى رێكخستنه‌كانى هه‌ر دوو باڵى حزبى ديموكراتيى "رووبه‌ڕووى ره‌وشێكى ئاڵۆز كردووه‌ته‌وه‌" و له‌ ماوه‌ى 6 مانگى رابردووى نيوه‌ى دووه‌مى 2015دا به‌ ده‌يان چالاك و كاديرى پێشكه‌وتووى باڵه‌كانى ديموكرات رێگه‌ى په‌نابه‌ريان گرته‌ به‌ر و به‌ره‌و تاراوگه‌ كۆچيان كرد.

هێشتا يه‌كدى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

هه‌وڵه‌كانى يه‌كگرتنه‌وه‌ى ئه‌و دوو حزبه‌، به‌ راى چاودێرانى ره‌وشه‌كه‌، تا ئێستا له‌ ئاستيى ميدياييه‌وه‌ دانه‌به‌زيوه‌ته‌ ئاستيى كردارى و هيچ هه‌وڵێكى جديى بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌ ئارادانييه‌.

ئه‌مساڵ جيابوونه‌وه‌ى ديموكراته‌كان، 9 ساڵى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕده‌بێت، به‌ڵام دووباره‌ لایەنەكان یەكدى بە "كەمتەرخەمی" لە یەكگرتنەوە تۆمەتبار دەكەن.

ناويان رێگره‌

له‌ نوێترين هه‌ڵوێستييدا، حزبى ديموكراتى كوردستان (حدك)، (خاليد عه‌زيزى رێبه‌رايه‌تى ده‌كات)، وه‌ڵامى به‌ياننامه‌يه‌كى هاوشانه‌كه‌ى خۆى له‌ خه‌بات و كوردايه‌تى، واته‌ (حدكا)ى داوه‌ته‌وه‌ كه‌ (مسته‌فا هيجرى رێبه‌رايه‌تى ده‌كات) و تێيدا داوايكردووه‌، لانيكه‌م، با هه‌ردوولا به‌ بێ "كوردستان" و "كوردستانى ئێران"، ته‌نيا له‌ ژێر ناوى "ديموكرات" به‌يه‌كه‌وه‌ دانيشن، وه‌ك له‌ وه‌ڵامگۆيه‌كه‌ياندا هاتووه‌: "ئێمە داوا دەكەین بە ناوی "دوو دیموكرات" پێكەوە دانیشین".

له‌ به‌رامبه‌ريشدا، (حدكا) له‌و بڕوايه‌دايه‌، (حدك)، هه‌وڵه‌كانيان ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌يه‌ "له‌ راگه‌ياندندا باسى بكه‌ن" و ئه‌وان ده‌ڵێن: "ئەوان ھەنگاوەكانیان "بە راگەیاندن دەكەن" و لەراستیدا ھەوڵەكانیان بۆ یەكگرتنەوە جدی نیین".

لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی كوردستان 24، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان، عومەر باڵەكيی، رایگەیاند، "خواست و داوای ئێمە یەكگرتنەوەی پەیكەری حزبی ديموكراتى یەكگرتووە".

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران چەند رۆژ بەر لە ئێستا بەیاننامەیەكی دەركردووە و تێيدا ره‌خنه‌ى له‌ (حدك) گرتووه‌ و دواى 9 ساڵ له‌ جيابوونه‌وه‌شيان هێشتا پێيان ره‌وا نييه‌ هاوڕێكانى پێشوويان ناويان ديموكرات بێت"، رایگەیاندووە، "ھاوڕێكانی پێشوومان بە ناڕەوا ناوی دیموكراتیان لەسەر خۆیان داناوە".

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌دا، ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گرفتی ئێمە لە ناوھێنان نییە، چونكە ئێمە لە كۆڕوكۆبوونەوە نێودەوڵه‌تییەكان وەك حزبی ديموكراتى كوردستان ناسراوین و تەنانەت ئەندامی ئەنتەرناسیونالیستین. دۆستایەتیمان لەگەڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى باشووری كوردستان ھەیە، چەندینجار بە لایەنی بەرامبەرمان راگەیاندووە، با بە ناوی دوو دیموكرات پێكەوە دانیشین".

سەركردایەتی حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران (حدكا)،  رایگەیاندووە، ئامادەیە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بۆ یەكگرتنەوە دانوستان ده‌ستپێبكه‌ن و لیستێكی روونيان ھەبێت.

ئه‌ركمان چييه‌

ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی ديموكراتى كوردستان (حدك)، عومەر باڵەكی گوتیشی: "ئێمە كێشەی كورسیمان نییە. مەسەلەی كورسی بە شتێكی بێ مانا دەزانین. ناوەڕوك بۆ ئێمە گرنگە. سەرەڕای ئەوانە حزبی دیموكرات لەسەر خاكی خۆی نییە. ئێستا لە حاڵی خەباتداین و پێمانوایە ئەوەش بەرپرسیارێتییەكە و لەسەر شانمانە و پێویستە بە جوانترین شێوە ئەركەكانمان بەرامبەر نەتەوەكەمان بەجێبگەیەنین".

حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران (حدكا)، لایەنی بەرامبەر بەوە تۆمەتبار دەكات، كە ھەنگاوەكانیان بۆ یەكگرتنەوە "بە راگەیاندن دەكەن". لەو بارەیەوە ئەو بەرپرسەی حزبی ديموكراتى كوردستان گوتی: "ئەو گوتەیە دوورە لە راستی و ھەر لە یەكەم رۆژەكانی دوای جیابوونەوەمان راگەیەندراوێكمان دەركرد و رامانگەیاند، ئامادەین لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دانیشین و كێشەكانمان چارەسەر بكەین".

له‌ گله‌يى برايانه‌وه‌ بۆ ره‌خنه‌ى سياسى

باڵەكی ره‌خنه‌ له‌ هاوڕێكانى خه‌باتى ده‌گرێت، ئه‌و هاوڕێيانه‌ى ده‌يان ساڵ به‌يه‌كه‌وه‌ وه‌ك هێمنى شاعير ده‌ڵێت "له‌ مه‌ته‌رێزى شه‌ره‌فدا" به‌رگرييان له‌ كوردستان ده‌كرد، كه‌ له‌ 9 ساڵى رابردوودا نه‌ك ديدار به‌ڵكو به‌ نووسراوێكى فه‌رميش وه‌ڵامييان نه‌داونه‌ته‌وه‌، ئه‌و گوتى: "بە پێچەوانەوە دوای 9 ساڵ لایەنی بەرامبەر تەنانەت یەكجاریش بە نووسراو وه‌ڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە و خواستیان بۆ یەكگرتنەوە  تەنیا لە قاڵبی گوتەدایە".

يه‌كێك له‌ ره‌خنه‌كانى حدك، كه‌ ئاراسته‌ى حدكاى ده‌كات ئه‌وه‌يه‌، گوايه‌ "حدكا پێشمه‌رجى بۆ يه‌كگرتنه‌وه‌ هه‌يه‌"، له‌ به‌رامبه‌ردا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران، میرۆ عەلیار بۆ ماڵپەڕی كوردستان 24ی  گوتی: "ھەبوونی مەرج شتێكی ئاساییه‌. مەرجەكانی ئێمەش قورس نیین. ھەموویان بۆ خزمەتی یەكگرتنەوەی نێو ماڵی حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران ھەوڵدەدەین".

به‌ نيازى چى بوون.. "له‌كوێوه‌ بۆ كوێ"

ھەر دوو باڵی ديموكراتى كوردستان لە كۆنگرەی شازده‌یەمی خۆيان نزیك دەبنەوە، ھەر دوو لایەن بەنیاز بوون كونگرەیەكی یەكگرتوو ببەستن، بەڵام پێدەچێت ھەوڵەكانیان بێ ئاكام مابێتەوە چونكە حزبی دیموكراتی كوردستان گوتوویەتی، "پرسی یەكگرتنەوە بۆ دوای كونگرە دادەنێین". 

عەلیار گوتيشی: "پێش بەستنی كونگرەی 16 پێویستە بوو لەسەر خاڵە بنه‌ڕه‌تييه‌كان رێككەوین. چارەسەریان بكەین. بۆیە ھەوڵمانداوە چەندین میكانیزمی گونجا و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دانێین. بۆ نموونە رێبەرایەتیەكی ھاوبەش كۆنگرە رێكبخات. ھەنگاوەكانمان بە ھاوبەشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنێين".

ئەو بەرپرسەی (حدكا) نایشارێتەوە، لەتبوونی حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران زیانی گەورەی بە پرسی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان گەیاندووە.

ئه‌و گوتى: "یەكگرتنەوەی حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران زەروورەتێكی گرنگە".

هه‌ردووكيان وا ده‌ڵێن

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن،  رەنگە كەسانێك لە سەركردایەتی ھەردوو لایەن ھەبن، كە لەمپەر بخەنە سەر رێگای یەكگرتنەوە، ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبی دیموكرات گوتی: "رەنگە لە مێشكی ھەر تاكێك لەسەركردایەتی و ئەندامانی ئەو دوولایەنه‌ بیروبۆچوونی جیاواز ھەبێت. گرنگ بڕیاری گشتیيە. ئێمە لە سەرجەم پلنیۆمەكان بە تایبەت دوا پلنیۆمی حزبی ديموكراتى كوردستانی ئێران پرسەكان فورمۆلە كراون. بە بیری گشتی كار دەكەین، نەك تاكی".

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ 6ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2006 و دوای كۆنگرەی سێزدەیەمی ئەو حزبە بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی رێبەرایەتی، كادر و پێشمەرگەكانی جیابوونەوە، حزبی دیموكراتی كوردستانیان راگەیاند، ئەو جیابوونەوەی سێیەم جیابوونەوە بوو كە لە مێژووی ئەو حزبەدا رووبدات.  

ئا: له‌يلا قادرى