موگرينی: گەمارۆ ئابوورییەكانی سه‌ر ئێران كۆتاييان دێت

لەوانەیە گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران تا كۆتایی ئەم مانگە بە تەواوی لابچن.

K24 – برۆكسل:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، فێدریكا موگرينی، رایگەیاند، یەكێتی ئەورووپا رۆژی لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێرانی دیاری نەكردووە، بەڵام به‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا گەمارۆكانی سەر ئێران لادەبرێن.

ئاژانسی ھەواڵی رویتەرز بڵاویكردووەتەوە، فێدریكا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە كونفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رەوتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی باش تێپەڕ دەبێت، دەتوانم پێتان رابگەیەنم لابردنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران بەو زووانە روودەدات".

پێشتر یوكیۆ ئامانۆ، بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناووكییش گوتبووی: "ئەگەر رەوتی جێبەجێكردنی گەمارۆكان بە باشی بچێتە پێش، لەوانەیە گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران تا كۆتایی ئەم مانگە بە تەواوی لابچن".