لە تەقینەوەیەکدا لە ئیستەنبوڵ 10 كەس گیانیان لە دەستدا

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری ئیستەنبوڵ لە توركیا 10 ھاوڵاتیی گیانیان لە دەستداوە و 15 دیکەش برینداربوونە.

K24- ئیستەنبوڵ

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری ئیستەنبوڵ لە توركیا 10 ھاوڵاتیی گیانیان لە دەستداوە و 15 دیکەش برینداربوونە.

تەقینەوەیەك ئەمڕۆ لە بەردەم مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە شاری ئیستەنبۆڵ لە توركیا روویداو بەپێی سەرچاوەکان بووە ھۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك ھاوڵاتی لەو ناوچەیە.

پەیامنێری (كوردستان24) لە ئیستەبوڵ رایگەیاند: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان تا ئیستا 10 ھاوڵاتیی گیانیان لە دەستداوە و 15 دیكەش برینداربوونە و ھێزە ئەمنییەكان ئەو ناوچەیا تەقینەوەكەیان گەمارۆداوە و ھاتووچۆ لەو شوێنە قەدەغە كراوە".

پەیامنێرمان گوتیشی: "تا ئێستا ھیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكەی رانەگەیاندووە، ھەروەھا بەفەرمیی رانەگەیاندراوە تەقینەوەكە خۆكوژیی بووە یان بۆمبی چێندراو بووە.

پەیامنێرمان لە ئیستەنبوڵ راشیگەیاند: "تەقینەوەكە بارودۆخی ناوچەكەی تەواو شێواندووە و تەرمی 15 كوژرا و بریندارەكان گەیەنراونەتە چەند نەخۆشخانەیەك، ھاوڵاتیانیش بۆ سۆراغ و زانینی ناسنامەی كوژراو برینداران لە دەوری نەخۆشخانەكان كۆبوونەتەوە".

ماوەی چەند مانگە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان، رەوشی ئەمنیی توركیا چووەتە قۆناغێكی دیكە جگە لە شەڕ و پێكدادان لە شارەكانی باكووری كوردستان، تەقینەوە لە ناو شارەكانی توركیا روودەدەن.